٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بارزانی نەمر چووە یەکێتی سۆڤیەت بۆ ئەوەی چرای کورد نەکوژێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ ١٦/٤ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کورد ، ٦٦ساڵ بەسەر گەڕانەوەی بارزانی نەمر و ھەڤاڵانی لە یەکێتی سۆڤیەت تێپەڕدەبێت. 

لە کاتی گەڕانەوەیدا خەڵک و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق پێشوازیەکی گەورە لە بارزانی نەمر کرا.

د.پیرۆت ئەحمەد، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ یادی گەڕانەوەی بارزانی نەمر و ھەڤاڵانیەتی لە یەکێتی سۆڤیەتەوە بۆ ناو خاک و زێدی خۆیان، دوای ئەوەی ساڵانێک لە ئاوارەیی لە ڕوسیا مابوونەوە، بەشداریکردنی بارزانی نەمر لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و بەتایبەت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان سەلماندی تەنیا خەمی باشووری نیە، لە ھەر شوێنێک جوڵەیەک ھەبووبێت پشتگیری کردووە، بە مەرجێک بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای کورد بووبێت، ئەوەش دیار بوو ئەگەر کورد یەکڕیز بێت زۆر دەستکەوت بەدەستدێنن، بارزانی نەمر تەنیا لای ئێمە ناسراو نەبوو، لەسەر ئاستی وڵاتان ناسراو بوو، من ماوەیەکی زۆر لە ئەورپا بووم، لە ھەر شوێنێک باسی کوردمان کردبووایە  و گوتبامان کوردین نەیاندەزانی، کە دەمانگوت بارزانی، ئەوکات ئێمەیان دەناسی، بۆیە بارزانی ناسنامەی کوردە و ھەمیشە یەکێتی کوردی دەویست و دژی زوڵم و ناعەدالەتی بوو، تا کۆچی دوایی کرد لە خزمەتکردن  بەردەوام بوو، بۆیە دەستەکەوتەکانی کورد لەسەر دەستی بارزانی نەمر بەدەست ھاتوون، لەوانە ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار لەنێوان حکوومەتی عێراق و بارزانی نەمر لەسەر دەستی ئەو بوو، ئەوە بناغەیەک بوو بۆ بەدەستھێنانی مافی کورد و لەسەر ڕێبازی ئەو بەردەوام دەبین تاوەکو کورد دەگاتە مافی خۆی و ئومێدی بارزانی نەمر بەدی دێت." 

سەلیم ئەسعەد خۆشەویی، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "کاتێک خیانەت لە کۆماری مھاباد کرا و تێکچوو، شێخ ئەحمەدی بازران و بارزانی نەمر و بارزانییەکان و بەشێکی کورد ئاوارەبوون بۆ ئێران، شا داوای لێ کردن چەک دابنێن و زەوییان پێبدات و کاری کشتوکاڵی بکەن، بارزانی نەمریش ڕاێژی لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی کرد، بڕیاریان دا زەوی وەرنەگرن، شێخ ئەحمەد و بارزانییەکان و کوردەکان بە گشتی گەڕانەوە بۆ عێراق و خرانە زیندان، بارزانی نەمر و زیاتر لە ٥٠٠ کەس بەرەو سۆڤیەت ڕۆیشتن بۆ ئەوەی چرای کورد نەکوژێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کورد، ئەوەمان لێ دەخوازێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و بەدەسھێنانی مافی گەلی کورد یەکگرتووبین، چونکە سەرکەوتنی کورد لە یەکگرتنی دایە، ئەگەر یەکڕیز و یەکگرتووبین بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوودەبین، داوا لە ھەموو لایەنەکانی کورد دەکەم یەکگرتووبن و ھیچ کات ڕێگە نەدەن یەکگرتوویی نەمینێت، چونکە کورد بە درێژایی مێژوو خەباتی کردووە و قوربانی و شەھیدی داوە و ئەنفال و کیمیابارن کراوە.

بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە مافەکانمان دەبێ یەکگرتوو و یەکڕیزبین." 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار