٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ئاکرێ دوو پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ-KDP.info- بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ دەڵێت، پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری لە ئاکرێ ئەنجام دەدرێن، بە تەواوبوونی پڕۆژەکانیش، ئاکرێ دەبێتە کەمپینی گەشتیاران بۆ ھەموو شارەکانی کوردستان.

سەلیم ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئاکرێ وەکو پایتەختی گەشتیاری دیاری بکرێت، کار دەکرێت بۆ ئەوەی لە ڕووی گەشتیارییەوە زیاتر پێشبخرێت و پڕۆژەی تازەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن، ئێستا دوو پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن، یەکێک لەسەر ڕووبەری ٤١٥ دۆنم زەوی، لە سەرێ بیۆکە و لە ئۆتێلی پێنج ئەستێرە و خواردنگە و پارک و خواردنگەی بچووک و شوێنی یاری پێکدێت، دەست بە پڕۆژەکە کراوە و کاری تێدا دەکرێت.
پڕۆژەی دووەم بەناوی ژیانە، ئەویش لەسەر ٥٠ دۆنم زەوی دروست دەکرێت لە گرێ تۆپە و ٢٠ خانووی گەشتیاری و خواردنگە و یاری لەخۆ دەگرێت، بۆیە ئەو پڕۆژانە دەبنە ھۆی زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاری، بەھۆی ئەوەی ئێمە شوێنی حەوانەوەی گەشتیارمان نییە و بەو پڕۆژانە گەشتیار دەتوانن بمینێنەوە، یەکێک لەوانە دەکەوێتە نێوان دوو شوێنی ئایینی، مزگەوتی گەورە و مەزاری شێخ عەبدولعەزیز.

سەلیم ئەمین گوتیشی، کار دەکەین بۆ ئەوەی لە ئاکرێ تەلەفریک دروست بکرێت و بۆ سەر چیا بچێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگی بە ئاکرێ دەدات و دەیەوێ کەرتی گەشتیاری پێشبخات، چونکە لە ساڵی ١٩٤٠ ئاکرێ شوێنی گەشتیاری بووە، دوای ئەوەی ئاکرێ بووە پایتەختی گەشتیاری، زۆر خەڵکی بیانی سەردانیان کردووە، بۆ نەورۆز ٨٨ ھەزار گەشتیار، بۆ جەژن ١٨ھەزار و ٥٠٠ گەشتیار و لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵیش ٣٧ھەزار گەشتیار ھاتبوونەتە ئاکرێ.

دەشڵێت، ئەو پڕۆژانە تەواو بن، ئاکرێ دەبێتە کەمپینی گەشتیاران و لە ئاکرێوە دەچن بۆ دھۆک و ھەولێر و شارەکانی دیکە، چونکە لە شارەکان نزیکە، بۆیە ئاکرێ لە بواری گەشتیاری دەچێتە قۆناغێکی دیکە.

گوتیشی، تێچووی پڕۆژەی یەکەم ١٥٠ملیۆن دۆلارە و پڕۆژەی دووەمیش ملیۆنێک و٦٠٠ھەزار دۆلارە، لە یەکێک لەو پڕۆژانە شوێنی مانەوەی ٢ھەزار و ٥٠٠ گەشتیاریش دروست دەکرێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار