ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له كۆڕبه‌ندی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی

سلێمانی-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 16/4/2025 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له سلێمانی به‌شداریی له كۆڕبه‌ندی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له عێراق ـ سلێمانیدا كرد.
له كۆڕبه‌نده‌كه‌دا كه به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقى فیدراڵ و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له به‌رپرسانی باڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌كادیمى و لێكۆڵه‌ران و میوانان له هه‌رێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهانه‌وه به‌شدار بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌یانیتان باش،
به‌ڕێز جه‌نابى محه‌مه‌د شیاع سوودانى
سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
میوانانى ئازیز له هه‌ر كوێ هاتبن،
به‌یانیتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن.
زۆر خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ پێكه‌وه لە شاری خۆشه‌ویست و دێرینی سلێمانى، بەشداریی لەم كۆڕبه‌نده‌دا ده‌كه‌ین. سلێمانی هەمیشە چرای ڕووناکیی بیر و کو‌لتوور و فرەییی سیاسی و قەڵایەکی به‌رزى نیشتمانپەروەری بووه. كۆڕبه‌ندى سلێمانی، بووەتە مینبەرێکی گرنگ بۆ گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕا دەربارەی پرسە هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
ده‌ستخۆشییه‌كی گه‌رم له براى به‌ڕێزم جه‌نابى د. به‌رهه‌م ساڵح و هەموو ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆڕبه‌نده و زانكۆى ئه‌مه‌ریكى له عێراق ـ سلێمانى ده‌كه‌م. هه‌روه‌ها سوپاسێكی تایبه‌تی برای خۆشه‌ویستم كاك بیلال ده‌كه‌م بۆ ئه‌م بانگهێشته و پیرۆزبایی لێده‌كه‌م كه ئه‌مه ساڵی یه‌كه‌مه ئه‌م كۆڕبه‌نده ده‌كرێت و جه‌نابی سه‌رۆكی ئه‌م زانكۆیه‌ن، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازم. دڵنیام كۆڕبه‌نده‌كه‌تان لە دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆ لەسەر پرسه‌كان و داڕشتنی بیرۆکەی داهێنەرانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییه‌كان، ده‌ره‌نجامى باشى ده‌بێت.
ئامادەبووانى به‌ڕێز،
ئەمڕۆ ئه‌م كۆڕبه‌نده له كاتێكدایه كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریى گه‌وره‌ى جیۆپۆلەتیکی، جیهانى گرتووه‌ته‌وه کە سروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ده‌گۆڕێت و لەوانەیە گۆڕانکاری لە هەندێک هاوسەنگیی هەرێمی و جیهانیدا دروست بکات. شه‌ڕ و ململانێكان لە شوێنه‌كانى وه‌ك ئۆکراینا و غەززە و فراوانبوونى کێبڕکێى ئابووریی زلهێزه‌كان، هەموویان کاریگەرییان لەسەر ناوچەی ئێمەش دەبێت.
لە هەمان کاتدا، ئێستا جیهان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریى هاوبه‌ش دەبێتەوە بەتایبەتی لە بواری گۆڕانی ئاووهه‌وادا كه مه‌ترسیى له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراک، کۆچ، تیرۆر و چه‌ندین مه‌ترسیى دیكه دروست دەکات و هه‌ڕه‌شه له ئێستا و داهاتووى جیهان و مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌ن. ئەو کاریگەرییانه لە زۆر شوێنی عێراق بە ڕوونی لێمانەوە دیارن و هەزاران کەس لەبەر نەمانی ئاو، ناچار بوون شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بگۆڕن.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان باوەڕمان بە گرنگیی هاریكارى و کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانه. پێمان وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسیاریه‌تیی هاوبه‌شى خۆی بەرامبەر بە پرسە جیهانییەکان بگرێتە ئەستۆ کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، گرنگن.
له‌نێو هه‌موو ئه‌م ئاڵنگارییانه‌دا، مایه‌ى خۆشحاڵییه كه له ناوچه‌كه‌دا پەرەسەندنی ئەرێنییش دەبینین لەپێناو به‌دیهێنانى ئاشتیدا. ئه‌وه‌ى ئه‌م ماوه‌یه له توركیا بۆ ئاشتى هاتووه‌ته ئاراوه، پرۆسه و ده‌رفه‌تێكى مێژوویییه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێشوازی و پشتیوانیى خۆمان بۆ سه‌رخستنى، دووپات ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌مه دەرفەتێکه بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لەم ناوچەیه و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاریی بنیادنەرانه‌یه كه سوودى بۆ هه‌موو ناوچه‌كه ده‌بێت.
ئاشتی هێزە و ئاشتیخوازی، ڕێبازی کەسانی خاوەن باوەڕ و بەهێزە. لە ئاشتیدا هیچ کەس و لایەنێک تێکناشکێت، هەموومان سەردەکەوین و وڵاتانی ناوچەکەش گەشە دەکەن. هێزى ئاشتى، له هێزى هه‌موو شه‌ڕه‌كان گه‌وره‌تره.
كورد و گه‌لى كوردستان به‌گشتى، ئاشتیخوازن. هەر کاتێک و له هه‌ر كوێ ترووسكایییه‌ك بۆ ئاشتى هه‌بێت، گەلی کوردستان هه‌میشه به‌ئومێده‌وه، به‌پیرییه‌وه چووه. دەبێ هەموو کەس و ڕێکخراوێکی سیاسیی کوردستان، باوەڕی بەو ڕێباز و ویستەی گەلی کوردستان هەبێت.
جێگەی دڵخۆشییە کە هەموو پارت و لایەنە کوردستانییەکان کۆکن لەسەر داواکاریی ئاشتیانەی چارەسەری کێشەی کورد لە سووریا، بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی باشیان هه‌ڵناوه بە یەکخستنی داواکارییەکانیان. هیوادارین لەگەڵ حکوومەتی سووریا، بتوانن سووریایەکی دیموکرات و دابینکەری مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دابمەزرێنن کە ببێتە سەرچاوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە. پێویسته حكوومه‌تى سووریا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى وڵاته‌كه بێت به‌بێ جیاوازى و هاوبه‌شى و مافى هه‌مووان له سووریا پارێزراو بن.
به‌ڕێزان،
هەرێمی کوردستان هه‌میشه سەلماندوویەتی کە فاکتەری ئارامى و سەقامگیرییە و ده‌توانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی و گرنگ لە بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتیی ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت. لێره‌وه و له‌م كۆڕبه‌نده‌دا پابەندیى هه‌رێمى كوردستان بە بەردەوامیی ئەم ڕۆڵە، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەسەر بنەمای ڕێزله‌یه‌کگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش، دووپات ده‌كه‌ینه‌وه.
بڕواى ته‌واومان به یه‌كترته‌واوكردنى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه پێكه‌وه هه‌یه بۆ سه‌قامگیرى و په‌ره‌پێدانى به‌رده‌وام له هه‌موو بواره‌كاندا. هاوكارى و پێكه‌وه‌كاركردنى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، بۆ هێنانه‌دیى ئاشتى به‌رده‌وام ده‌بێت، له ڕێگه‌ى دیپلۆماسى و گفتوگۆوه، ده‌رفه‌تى گه‌وره له‌به‌رده‌م گه‌لان و وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا بۆ ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتر ده‌كاته‌وه. گەشەکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی عێراق پەیوەستە بە سەقامگیریی عێراقەوە، پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانیش هێزێکی گەورەیە بۆ عێراق، ئه‌مانه له یه‌كتر جیاناكرێنه‌وه.
زیاتر له سه‌د ساڵى ڕابردوو زۆر به ڕوونى سه‌لماندى كه پشتگوێخستن و نكۆڵی‌كردن له مافه‌كانى كورد و گه‌لى كوردستان، جگه له شه‌ڕ و ئاشووب، له ماڵوێرانى و نه‌هامه‌تى و دواكه‌وتوویى بۆ ناوچه‌كه و گه‌لانى ناوچەکە، هیچ ئه‌نجامێكى دیكه‌ى نه‌بووه و نابێت.
ڕابردوو، وانه و په‌ندێكى مێژوویى به نرخێكى گران پێشكه‌ش كردین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: هه‌وڵى بێهووده‌ى سڕینه‌وه‌ى میلله‌تێكى ده‌یان ملیۆنى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه له نیشتمان و له‌سه‌ر خاكى ڕه‌سه‌نى خۆى ده‌ژیت، هه‌رگیز ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ ناوچه‌كه ناهێنێت، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌میشه ناوچه‌كه له‌به‌رده‌م چاره‌نووس و جۆره‌ها ئه‌گه‌رى ترسناكدا ده‌هێڵێته‌وه.
بۆیه دواى ئه‌و هه‌موو ڕابردووه تاڵه، پێمان وایه ئیتر كاتى ئه‌وه‌یه ئاوڕێكى جددى له‌م پرسه بدرێته‌وه. هه‌موومان له‌م ناوچه‌یه به گیانى پێكه‌وه‌یى، ته‌بایى، یه‌كترقبووڵكردن، هاریكاریى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه و ئاره‌زوومه‌ندانه، ده‌ستى دۆستایه‌تى بخه‌ینه ده‌ستى یه‌كتر و ئاشتییه‌كى هه‌میشه‌یى له ناوچه‌كه به‌دى بهێنین. ئاشتییه‌ك، داهاتوویه‌كى ڕووناك بۆ نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتووى هه‌موو میلله‌تانى ناوچه‌كه، مسۆگه‌ر بكات. داهاتوویه‌ك تیایدا ئه‌م ناوچه‌یه ببێته ناوه‌ندێكى گرنگى جیهان و مرۆڤایه‌تى.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى كورد و نه‌ته‌وه‌كانى دیکە پێكه‌وه ده‌ژین كه په‌یوه‌ندیى مێژوویى و دێرینى هه‌زاران ساڵه‌یان پێكه‌وه هه‌یه، ده‌رفه‌ت له‌باره و بارودۆخ گونجاوه بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌ر وڵاتێك به‌پێى دۆخ و سروشت و تایبه‌تمه‌ندیى ئه‌و وڵاته، له چوارچێوه‌ى سنوورى ئه‌و وڵاتانه‌دا، به دیالۆگ و لێكگه‌ییشتن و ئاشتیانه، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و ئاسووده‌یى و سه‌قامگیریى هه‌میشه‌یى به‌دى بێن، تاكوو هه‌مووان پێكه‌وه ڕوو له داهاتوویه‌كى دڵنیا و بێ ترس، بكه‌ن.
کورد یەکێکە لە نەتەوە ڕه‌سه‌ن و گەورەکانی ناوچەکە. بە ئاشتی، ڕۆڵی کورد له پێشکەوتنی ناوچەکەدا زۆر بەهێز دەبێت، هەروەها وڵاتانی ناوچەکە دەبنە خاوەن هێزێکی زۆرتر.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
لێره، له هه‌رێمى كوردستان، سەبارەت بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، پابەندیی جێگیریمان بە دەستووری عێراقه‌وه دووپات دەکەینەوە وەک چوارچێوەیەک کە ئەم پەیوەندییە ڕێکدەخات. ئێمە پێمان وایە دەستوور بە پرەنسیپەکانی فیدراڵی و فرەیی و هاوبه‌شى، گه‌رەنتیی ڕاسته‌قینه‌یه بۆ مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق به‌بێ جیاوازى.
به سوپاس و پێزانینه‌وه بۆ هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكوه‌زیران به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع سوودانى، ماوەی ڕابردوو پێشکەوتنی بەرچاو لە چارەسەرکردنی پرسه‌كانى نێوان هەولێر و بەغدا بینرا. ڕوانگەی بەڕێز سوودانى لە بەهێزکردنی هاوبەشییەکان و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان، ڕوانگەیەکی ڕاسته بۆ چارەسەركردنی كێشه‌كانی عێراق. لێرەدا جەخت له‌سەر جێبەجێکردنی خێرای یاسای گێڕانەوەی موڵکداری و چالاکترکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، ده‌كه‌مه‌وه.
ئێمه بەردەوام دەبین لە گفتوگۆی بنیادنەر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ گەییشتن بە چارەسەری هەمیشەیی بۆ هه‌موو کێشه‌كان بە شێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندیی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییه‌وه بكات و ماف و شایسته ده‌ستوورییه‌كانى هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر و مسۆگه‌ر بكات.
كوردستانییانى خۆشه‌ویست،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
له دۆخ و ئاڵنگارییه‌كانى ئێستاى ناوچه‌كه‌دا، پێویسته پەرلەمانی کوردستان کارا بێت، بۆ ئەوەش ئه‌ركى هه‌ره له‌پێشینه‌ی پارتى دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایه‌نه براوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه كه په‌له بكه‌ن و هه‌رچى زووتره كابینه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكبهێنن. حكوومه‌تێك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانییه‌كانى هاووڵاتییان بێت و بتوانێت وه‌ك پێویست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێشهات و ئاڵنگارییه‌كاندا بكات.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ جارێكى دیكه، به گه‌رمى پیرۆزبایى له خه‌ڵكى خۆشه‌ویستى شاری هه‌ڵه‌بجه بكه‌م بۆ به‌پارێزگابوونى شاره‌كه‌یان و ده‌ستخۆشی له جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران ده‌كه‌م كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی دا هه‌ڵه‌بجه ببێته پارێزگا. دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه كه هه‌موومان كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مه بكه‌ینه ده‌رفه‌تێكى دیكه بۆ خزمه‌تكردنى زیاترى هه‌ڵه‌بجه و خه‌ڵكى ناوچه‌كه.
بێگومان له كۆتایی قسه‌كانیشمدا له سلێمانی، ده‌مه‌وێ به ناوی هه‌موو به‌شداربووانه‌وه، پیرۆزبایی له عێراق، پیرۆزبایی له دهۆك بكه‌م كه له فووتبۆڵ بردیانه‌وه و جامی یانه‌كانی كه‌نداویان به‌ده‌ستهێنا. لێره‌وه به ناوی هه‌مووتانه‌وه پیرۆزبایییه‌كی گه‌رمیان لێده‌كه‌ین، ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین و پێیان ده‌ڵێین ئه‌وان شانازی بوون بۆ عێراق، شانازی بوون بۆ هه‌رێمی كوردستان.
زۆر سوپاس، به خێر بێن..




