هەڵەبجەییەكان بۆ KDP: هەڵەبجە پێی گوتین یەكدەنگیی كورد بەرهەمی دەبێت

هەڵەبجە-KDP.info- ڕۆژی 15ی نیسانی 2025 بە یەكگرتوویی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرباری دژایەتییەكی زۆری ههندێ لایهن، تواندرا یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند بكرێت، ئەوەش خۆشحاڵیی شەقامی كوردستانی لێ كەوتەوە بە تایبەت هەڵەبجەییەكان، ئەوان دەڵێن، یەكگرتوویی كورد، بەرهەمی گەورەی دەبێت، بۆیە لایەنەكان هان دەدەین یەكگرتووانە هەنگاو بەرامبەر نەیارانمان بنێن.
ئەمین حاجی زەڵمی، ڕۆژنامەنووس، له بارهی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و یهكگرتوویی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "یەكگرتوویی كورد ئەنجامەكەی سەركەوتنە، یەكبوونی فڕاكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجامەكەی پەسەندكردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بوو، ئێستاش هەڵەبجە چاوی لە بووژانەوە و ئاوەدانییە".
محەمەد سابیر، ڕۆشنبیر، لای خۆیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دەستخۆشی لەو بەڕێزانە دەكەم هەوڵیان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و پەسەندکردنی یاساكە دا، دەستی موحیبەتی یەكبوونیان بۆ هەڵەبجە دەگوشین، کە كوردانە هەوڵیان دا و ئەركێكی نیشتیمانییان ئەنجام دا، هەڵەبجە حەقی خۆیەتی پارێزگا بێت و هێشتا بۆنی كیمیابارانی لێ دێ و پێویستی بە ئاوەدانی و بووژانەوە هەیە".
عادل كۆچەری، چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تاكو یەكگرتووتر بین كێشەكانمان بە ئاسانی چارەسەر دەبن، ئەوەی لە بەردەمماندا گوزەری كرد لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، كارێكی باش بوو، ئێمەی كورد لەبەر خاتری خوێنی شەهیدان دەنگەكانمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكخست و هەڵەبجە بووە 19یەمین پارێزگای عێراق، ئێمە داوا دەكەین هەڵەبجە هاوشێوەی پارێزگاكانی تر پڕۆژەی تێدا جێبەجێ بكرێت، چونکە سنوورەكەمان گەشتیارییە و دەكرێ وەبەرهێنانی گەورەی تێدا بكرێت".
محەمەد حەمەسەعید، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە، دەڵێ: "37 ساڵ لەمەوبەر هەڵەبجە بووە قوربانی، ئێستا شارەكەمان بووەتە پارێزگا، كەواتە قوربانیدانەكەی بەفیڕۆ نەچوو، هەڵەبجە پێی گوتین، یەكدەنگیی كورد بەرهەمی دەبێت، هەڵەبجەییەكان پەیامیان بۆ لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە، بە یەكدەنگی بۆ مافەكانی گەلەكەمان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پێمان دەڵێ، كورد یەكدەنگ بێ بە ئاسانی مافەكانی بەدەست دەهێنێت، بەپێچەوانەشەوە یەكگرتوو نەبین ئەوە لە درێژمەوداش ناتوانین دەستكەوتمان هەبێت، داوا دەكەین پەیامی لایەنەكان بەرامبەر عێراق كوردانە و یەكگرتووانە بێت".
عەزیز ڕەسووڵ




