٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەهاب بۆ KDP باسی جوڵە دیپلۆماسییەكانی نێچیرڤان بارزانى دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی لە پاریسە و كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن دەبێت، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمیش دەڵێ، لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و سەرۆك ماكرۆن، باسی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و كێشە و ئاریشەكانی ناوچەكە و كورد و ئایندەی سووریا و پەیوەندیی كوردستان و عێراق دەکرێت و دەشڵێ، ئێستا كوردستان لە پێگەیەكی بەهێز و شایستەدایە.

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "مێژووی پەیوەندییەكانی كوردستان و فەڕەنسا كۆنە، کە پەیوەندییەكی پتەویان هەیە و گرنگیدانی فەڕەنساش بە گەلی كوردستان، دەتوانین بڵێین دەگەڕێتەوە بۆ پێش بوونی هەرێمی كوردستان، کە چەندەمین جارە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بانگهێشتی فەرمی دەگاتە كۆشكی ئەلیزێ و پێشوازی لێدەكرێت، کە ئەمە مانایەكی گرنگی هەیە و فەڕەنسا دەوڵەتێكی كاریگەرە، لە پێشینەی دەوڵەتانی ئەورووپایە لەو ڕووداوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدەن.

دڵشاد شەهاب گوتیشی: "كۆمەڵێك پرس لە ناوچەكە هەیە و پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە، پەیوەندیی كوردستان و بەغدا و پەیوەندیی عێراق و كوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمی، گۆڕانكاری لە سووریا و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و بەردەوامیی هەڕەشەی تیرۆر، ئەم تەوەرانە جێگای گرنگیپێدانی كۆبوونەوەی هەردوو سەرۆك دەبێت".

گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەشڵێ: "بانگهێشتكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆك ماكرۆن، لە پاش دیدار و سەردانەكانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە دێت، کە پاشان سەردانی توركیای كرد و كۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆكی توركیا هەبوو، هەروەها كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی سووریا و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و وەزیری بەرگریی توركیا و نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، هەبوو، کە ئەگەر خوێندنەوەیەكی بەدیقەت بۆ ئەو جوڵە دیپلۆماسییە بكەیت، ئەوە دەگەیەنێت کە پێگەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكانی ناوچەكەدا بەهێز و زیندووە".

دڵشاد شەهاب گوتیشی: "ئەگەر بەراوردێک بكەین لەگەڵ دیدارەكانی پێشووتر، كوردستان جاران تەنیا بەشداری ئەو دیدارە نێودەوڵەتیانە دەبوو کە زیاتر باس لە پێگەی هەرێم دەکرا و لە قۆناغی پەیداكردنی پشتیوانیدا بووین، بەڵام ئێستا بوونی سەرۆكی هەرێم لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا دەریدەخات کە كوردستان قۆناغی بەرگریكردن لە ماف و پێگەی دەستووری خۆی بەجێ هێشتووە، ئێستا كوردستان لە ئاستێكی شایستەدا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك كاراكتەرێكی سەرەکی پرس و ڕای لەگەڵ دەگۆڕدرێتەوە".

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، زیاتر گوتی: "ئێمە لەگەڵ سووریا لە سنووردا هاوبەشین و ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەی سووریا بە كورد و غەیرە كوردەوە لە كوردستانن، تەجرووبەیەكی تاڵمان هەیە لە سەرهەڵدانی داعش، کە بووە كێشەیەكی گەورە، گرنگیدان بە گۆڕانكاری لە سووریا جێگای بایەخی ئێمەیە، کە لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی سووریا باسی ئەم پرسانە كرا، بوونی برایانی ئێمە لە سووریا بابەتێكی تر بوو، دوو بۆ سێ پرس لای ئێمە گرنگ بوون لەگەڵ شەرع سەرۆكی كوردستان تەكیدی لێ كردنەوە، یەكەم پەیوەندیی باش و دۆستانە لە نێوان سووریا و عێراق و كوردستان و پارێزگاریكردن لە دراوسێیەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش، دووەم هەڕەشەی تیرۆر لە ناوچەكەدا، چۆن بتوانین پێكەوە هاوكار بین ڕووبەڕووی تیرۆر و توندڕۆیی ببینەوە، ئەحمەد شەرع، پەیامی ڕوونی هەبوو و ئەوان مەبەستیانە هاوكار بن و هاوكاریش دەبن، هەروەها پرسی كوردیش زۆر پرسێكی گرنگ بوو لە هەموو دیدارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەكیدی لێ كردووەتەوە، لە دیداری سەرۆك ماكرۆنیش تەكیدی لێ دەكرێتەوە، کە گەرەنتیکردنی مافەکانی كورد لە ئایندەی سووریادا، دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاسایش لە سووریا".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار