٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامێك لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی ئەنفالدا، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، لە (37)ـەمین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی (ئەنفال) دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن."

دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفال:

لە (37)مین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی(ئەنفال) دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن.

جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام درا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون و پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقیی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە.

لە ساڵڤەگەڕی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە شۆڤێنیەدا، حکوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، یادی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەمیشە بەرز و شکۆدار بێت.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار