فراکسیۆنی پارتی بۆ KDP: مهرجی كورد ئهوهیە دهنگ بە پڕۆژهیاسای به پارێزگابوونی ههڵهبجه بدرێت

بەغدا-KDP.info- بڕیارە سبەی دووشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بدات و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، ئەگەر لە یەکەم خاڵی کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەکە نەدرێت، بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکەین.
بڕیارە سبەی دووشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پێنج پڕۆژە یاسا کۆببێتەوە و یەکێک لەو پڕۆژە یاسایانە بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەیە، لەوبارەیەوە یادگار مەحموود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، مەرجی کورد ئەوەیە لە خاڵی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت، بەپێچەوانەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەکەین وەک کورد.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت، فراکسیۆنە کوردییەکان ڕێککەوتن تا پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە تێنەپەڕێت، بەشداری لە ھیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق ناکەین و بایکۆتی کۆبوونەوەکانمان دەست پێکردووە، ئەگەر سبەی دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە بدرێت، بێگومان بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەین.
یادگار مەحموود ڕوونیشیکردەوە، پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە ھەموو ڕێکارە یاسایی و فەرمییەکانی بڕیوە و تەنیا ماوە لە دانیشتنێکی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، ئەگەر نیەتێک ھەبێت بۆ ئەوەی یاساکە تێنەپەڕێت، ئەوا ئێمەش بەشداریی کۆبوونەوە ناکەین، چونکە پڕۆژەیەک ھەموو ڕێکارەکانی تەواو کردبێت ئەوەی بەرامبەری دەکرێت تەنیا ئاستەنگی سیاسییە نەک یاسایی.
قائید میرۆ




