د. خالید: پەیوەندیی ئابووریی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی لە بەرژەوەندیی ئابووریی كوردستانە

هەولێر-KDP.info- د. خالید حەیدەر، مامۆستای زانكۆ ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتانی عەرەبی بەردەوام لە بەرەوپێشچووندان و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی كوردستان چەندین دیداری گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی عەرەبی هەبووە. دەشڵێ، پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە، لە بەرژەوەندیی ئابووریی كوردستانە.
د. خالید حەیدەر، مامۆستای زانكۆ و ئابووریناس، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لەوەدایە پەیوەندیی ئابووریی لەگەڵ وڵاتاندا هەبێت، لە ئێستاشدا بواری كشتوكاڵ بەرەو پێشەوە چووە، نموونە پەتاتە و هەنار و هەنگوین و چەند بەرهەمێكی تر هەناردەی دەوڵەتانی عەرەبی دەكرێت، کە بێگومان پەرەپێدان بە پەیوەندیی ئابووری زۆر باشە و ئابووریمان هەمەچەشن دەكات، هەروەها لە بواری وزەشدا سەرقاڵی ڕێككەوتنن.
د. خالید دەڵێ، ئێمە لە چوارچێوەی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ عێراق تووشی كێشەی گەورەی سیاسی و ئابووری بووین، بۆیە بوونی یاسایەك دەبێتە هۆی ڕێكخستنی پەیوەندییەكان، نوێنەرانی كوردیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵ دەدەن لە یاساكاندا ئابووریی كوردستان جێگای بكرێتەوە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ زیاتر گوتی، كوردستان لە بەرژەوەندیدایە پەیوەندیی لەگەڵ چەندین وڵات هەبێت، تاكو ئەگەر كێشەیەكی سیاسی لەگەڵ وڵاتێكدا ڕووی دا، لەگەڵ وڵاتانی تر پەیوەندیی ئابووریی بەهێز بێت و پێداویستیی خۆی دابین بكات و هەروەها بەرهەمەكانی خۆی بۆ بازاڕی دەوڵەتەكان هەناردە بکات، بۆیە ئەقڵانییە پەیوەندییەكانت لەگەڵ دەوڵەتاندا فراوان بكەیت.
دەشڵێ، كوردستان هەڵكەوتەیەكی جوانی هەیە بۆ گەشتوگوزار، دەتواندرێت سەرنجی هاووڵاتیانی دەوڵەتانی کەنداو ڕابكێشرێت لەبری ئەوەی ڕوو بكەنە دەوڵەتانی ئەورووپا بۆ گشت، بێنە كوردستان، بۆیە پێویستە كارئاسانیی زیاتر بۆ گەشتیاری بیانی بکرێت.
ناوبراو ئاماژەشی دا، كشتوكاڵ و گەشتیاری دەتوانن ببنە هاوكاری بەهێزكردنی ئابووریی كوردستان، بەڵام ناتوانین بڵێین لەم قۆناغەدا دەبنە جێگرەوەی داهاتی نەوت بەم خێراییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبنە یارمەتیدەر بۆ سەرچاوەی دارایی وڵات، بەهۆی هەناردەنەكردنی نەوتەوە كێشە بۆ ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بووە و بە ناچاری پشت دەبەستێت بەو پارەیەی حكوومەتی عێراق دەینێرێت بۆ مووچەی فەرمانبەران، بۆیە جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی پەیداكردنی داهات، لە بەژەوەندیی ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتی تایبەت دەبێت.
عەزیز ڕەسووڵ




