٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاكەیی بۆ KDP: بڕیارمان داوە ڕاشکاوانە گفتوگۆ بكەین و بەربەستەکان نەهێڵین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی دروستبوونییەوە، پێگەی شایستەی ئافرەتانی لە كایە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا بەرز ڕاگرتووە و هەموو پلەیەكی حزبی و ئیداری و زانستیی شایستەی بەپێی توانا و هەڵكەوتوویی خۆیان پێ داون، كە ئەمە بووە بە نەریتێك و وای کردووە توێژ و جومگەكانی تری كۆمەڵگەش لاسایی بكەنەوە. ئێستاش بۆ تێگەیشتن لە هەلومەرجی نوێ لەسەر ئاستی جیهان، كە كوردستانیش دەگرێتەوە و ئاڵنگاریی جیاواز ڕووبەڕووی ئافرەتان بووەتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنفرانسێكی تایبەتی ئافرەتان دەبەستێت و خۆیان شێوازی نوێی مامەڵە لەگەڵ ئافرەتاندا بۆ قۆناغەكانی داهاتوو دیاری دەكەن، بۆ ئەم مەبەستە، لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، زانیاری ڕوون دەكاتەوە.

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕەنگە یەکەم جار بێت لە مێژووی بزووتنەوەی حزبی کوردیدا، ئافرەتانی ناو ئۆرگانەكە بە پشت و بازووی خۆیان و لەژێر چاودێریی سەرۆک بارزانی کۆنفرانسێک ببەستن، ئەم کۆنفرانسە سەرکردە ئافرەتەکانی ناو پارتی ڕێبەرایەتی دەکەن، چونکە لەم کۆنفرانسەدا زیاتر گوێ دەگیرێت لەو ئافرەتانەی لەناو ئۆرگانەکانی حزبدا کار دەکەن.

لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، کاکەیی ڕوونی كردەوە، چەندان پانێڵی جۆراوجۆر لە كۆنفرانسەكەدا ئەنجام دەدرێن. بڕیارمان داوە زۆر ڕاشکاوانە گفتوگۆ بكەین لەسەر هەموو ئەو پرسانەی بەربەستن لە ڕێگەی ئافرەتاندا و ئەو ڕێگەیانەش کە دەبنە هۆکاری گەشەی ئافرەتان لە بوارەكانی: میدیا، کارگێڕی، سیاسی، کاری حزبی و هەموو بوارەكانی تر.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی نایشارێتەوە كە: "ئێمە دەزانین بەربەست لە بەردەم ئافرەتاندا هەیە، بەڵام ناتوانین بڵێین هاوکارییش نییە، بۆیە دەمانەوێت  بەربەستەکان نەهێڵین".  

وەك لە گوتەكانیدا ڕوون دەبێتەوە، لیژنەی ئامادەكاریی كۆنفرانسەكە سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ ئەوەی تەوەرەكان پۆلێن بكەن و ئامادەسازیی تەواوی بۆ بكرێت و لە ڕاسپاردەیەكدا بخرێتە بەردەم سەرۆك بارزانی و دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزییەكان، تا نموونەیەكی جوانتر پیشانی دونیا بدەن کە لە کۆمەڵگای کوردیدا ئافرەت هاوشانی پیاون و بەشێکن لە پێشکەوتنی ژیان و نیشتمان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار