٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنی پارتی بۆ KDP: سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەم كاتەدا گرنگ بوو

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا بەرەو قۆناغێکی زۆر باش ھەنگاو دەنێن، هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق ھاتە ھەولێر و دیداری گرنگی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ھەبوو.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا بەردەوام لە بەرەوپێشچووندان و لە قۆناغێکی زۆر باشدان، گفتوگۆکانیش زۆر باشن.

ڤیان سەبری دەڵێ، پێگەی کوردستان بەھێزە، لە ئێستادا کورد لە بەغدا بە ھێزەوە ئامادەبوونی ھەیە، ئەوەش دەبینین سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی، سەردانی ھەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کۆبوویەوە، کە بێگومان سەردانێکی گرنگ بوو لەم کاتەدا.

سەبری ئاماژەش دەدات، ڕۆژی ١١-١١-٢٠٢٥ ھەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، گفتوگۆکان زیاتر لە ئێستادا پەیوەندییان بە ھەڵبژاردنی ئایندەی عێراقەوە ھەیە، سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعی باڵای گەلی کورد، لایەنەکان بۆ پرسەکان گوێی لێدەگرن و مەبەستیانە دیداری لەگەڵ ساز بکەن.

زیاتر دەڵێ، لە کۆبوونەوەکانی محەممەد شیاع سوودانی و سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسروور بارزانی، چەندین پرس گفتوگۆیان لەسەر کراوە بەمەبەستی باشترکردنی پەیوەندییەکان و ئاسایشی ناوچەکە و ئابووری و ژیانی ھاووڵاتیان.

ئێمە پێمان وایە کورد ئێستا لە بەغدا بەھێزە و تاکو کوردیش لەسەر پرسەکان یەکگرتوو بێت، باشتر دەتوانین شەڕی وەرگرتنی شایستە و مافی خەڵکی کوردستان بکەین، لایەنەکانی عێراقیش باشتر دێنە پێشەوە لەگەڵمان". ڤیان سەبری وای گوت.

بەرپرسانی باڵای کورد لە بەغدا باس لەوە دەکەن، کورد لە بەغدا لە ئێستادا پێگەیەکی بەھێزی ھەیە، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیش دەڵێ، ئێستا پەیوەندیی کوردستان و عێراق لە قۆناغێکی باشدایە و بەردەوامیش گفتوگۆ ھەیە.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار