سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا كۆبوونەوە

ئەنتالیا-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی ٢٠٢٥/٤/١١ لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە کۆڕبەندی ئەنتالیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، باسیان لە گرنگیی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا کرد و تیشکیان خستە سەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان. ھەروەھا جەختیان لەسەر خواستی دوولایەنە بۆ فراوانکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی نێوانیان کردەوە، بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوولا بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە پڕۆسەی ئاشتی و دوا کۆبوونەوەی سەرۆک ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمرالی کرد. سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، وێڕای ستایشی ڕۆڵی سەرۆک ئەردۆغان لەمبارەیەوە، پڕۆسەکەی بە مێژوویی لە قەڵەم دا و جەختی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان بۆ ھەر ھاوکارییەک لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەکەدا ئامادەیە.
بەڕێزیان ھەروەھا گوتی: پڕۆسەی ئاشتی دەرفەتێکە دەبێت ھەمووان زۆر بە جددی وەریبگرن و نابێت بە ھیچ شێوەیەک ئەم دەرفەتە لەدەست بدرێت. ھەر لەمبارەیەوە دووپاتی کردەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی، پێویستە پەکەکە بەپیر بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلانەوە بچێت و بەتەواوی پابەندی بێت.
دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و دۆخی سووریا بەتایبەتی، گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.




