٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی وەزیران لەو نزیکانه‌ بڕیار له‌باره‌ی نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێریه‌وه‌ ده‌دات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆژەی ڕوناکی لە ھەرێمی کوردستان بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت، ئێستا نرخێکمان دیاری کردووە لەو نرخەی ئێستا ھاووڵاتییان مانگانە دەیدەنە کارەبای موەلیدە و گشتی کەمترە، بە جۆرێک لەگەڵ خەڵکی کەمدرامەت بگونجێت و لە بەرژەوەندی ئەوان دایە و کارەبای بەردەوامیشیان دەبێت." 

فارس میرخان، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبه‌ت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پڕۆژەی ڕوناکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فراوانتر دەستی پێکردووە، و ئێستا لە ھەولێر بەردەوامە و لە سلێمانی و دھۆکیش دەستی پێکردووە، پڕۆژەکە بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، ئێستا بەپێی پلانی دانراو، وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، بۆیە ئەوەی ھەولێر ھەر جارە و لە ناوچەیەک دەست پێدەکات تاوەکو تەواو دەبێت. 

لە دھۆکیش ماوەی سێ ھەفتەیە دەستی پێکردووە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت، لە سلێمانیش بە ھەمان شێوە دەستی پێکردووە و زۆر ھاوکارن بۆ ئەوەی پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، بۆیە پڕۆژەکە زۆر باش بەڕێوە دەچێت." 

فارس میرخان گوتیشی، "بۆ نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێریش ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزارەت نرخێکمان پێشنیاز کردووە و پەسەندمان کردووە، بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکراوەتەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە نرخی فەرمیی، چونکە ئەوەی ئێستا ئەزموونییە و فەرمیی نییە، نرخی ئێستا دیاری کراوە حیسابی خەڵکی کەمدرامەت کراوە و لەگەڵ داھاتی ئەوان گونجێندراوە، بۆ نموونە کەسێک چوار ئەمپێر کارەبای ھەبێت و پارەی کارەبای گشتیش بدات زۆر لەو پارەیە کەمتر دەبێت مانگانە دەیدات و کارەبای ٢٤ کاتژمێریشی دەبێت، بۆیە نرخەکە لە بەرژوەندی خەڵکی کەمدرامەت دەبێت. 

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارە لە ماوەیەکی نزیک بڕیار بدات و نرخی فەرمیی دیاری بکرێت و پەسەند بکرێت کە زۆر لەوەی ئێستا ھەیە کەمتر دەبێت." 

 

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار