بڕیاردرا هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یووسف

ھەولێر-KDP.info- لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، بڕیاردرا سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی فڕۆکەوانی فریاگوزاریی ھەولێر بەشداربن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا یووسف ئەو کچەی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە کاتی گەشت و سەیراندا لەناو ئاو لە دەڤەری بارزان خنکابوو.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر بڵاوی کردەوە: بەمەبەستی چڕکردنەوەی ھەوڵەکانی دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا سەید یووسف، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەلامستەفا مەسعود بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، سوپاس و دەستخۆشی لە سەرجەم تیمەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردوامن لە ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ناوبراو.
پارێزگاری ھەولێر بڵاویشی کردەوە: مەلامستەفا بارزانی بۆ بەجێگەیاندنی ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆک بارزانی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا پارێزگاری ھەولێری ڕاسپارد کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی فڕۆکەوانی فریاگوزاری شاری ھەولێریش لە سنووری (بێخمە تا شارۆچکەی خەبات) بخرێنە ئەرک و ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یووسف.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو خانەوادەی سەید یووسف بۆ گەشتکردن چوونەتە سنووری قەزایی مێرگەسۆر، لەو کاتەدا یەکێک لە کچ و کورەکانی سەید یووسف بۆ وێنەگرتن دەچنە لێواری زێی گەورە و کورەکەی دەکەوێتە نێو ڕووبار و خوشکەکەی بە ناوی ئاڤێستا ھەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دەدات، براکەی بە سەلامەتی دەردەچێت، بەڵام خوشکەکەی کە تەمەن ٢٧ ساڵ بوو دەکەوێتە ناو زێی گەورە و لەو کاتەوە تا ئێستا بێسەروشوێنە و تیمەکانی فریاگوزاری و ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی سۆراغی تەرمی ناوبراو.




