تا کۆتایی مانگ ڕەزامەندیی وەرگرتنی زەوی بۆ سەرجەم مووچەخۆران تەواو دەبێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەردەوامە و تا کۆتایی ئەم مانگە ٤٠٠ ھەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر ڕەزامەندیی وەرگرتنی زەوی بەدەست دەھێنن و شارەوانییەکانیش ئاگادار کراونەتەوە بە شێوەیەکی فراوان دەست بە دابەشکردنی زەوی بکەن.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن بەردەوامە و بڕیارە لەم ڕۆژانەدا ناوی ٣٥ ھەزار فەرمانبەری دیکە ڕەزامەندییان بۆ دەربچێت و بگەڕێتەوە، ئێستاش کار لەسەر ناوی پێشمەرگە و خانەنشینان دەکەن، کە ٢٠ ھەزاری خانەنشینن و ئەوانەی دیکەش پێشمەرگەن و بەشێک لە ناوی فەرمانبەری ھەندێک وەزارەت ماون، کە زۆر جار گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، بۆیە بەردەوام دەبن و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە ڕەزامەندی بۆ سەرجەم ئەو مووچەخۆرانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، لە ئەنجوومەنی وەزیران بگەڕێتەوە و ڕەوانەی شارەوانییەکان بکرێت بۆ پێدانی پارچە زەوی.
مەولوود گوتیشی، ھێزی پێشمەرگە مەرج نییە لە کوێ دەوام بکات لەوێ زەوی پێبدرێت، بەڵکو بەپێی کارتی زانیاری زەوییان پێدەدرێت و ئەوانەی ناوچە کوردستانییەکانیش لە ھەرێمی کوردستان لە نزیکترین شارەوانی زەوییان پێدەدرێت، ھەروەھا ئەوەی کۆمسیۆنیش کە بڕیارە زەوییان پێبدرێت، تا ئێستا فەرمانەکەمان بەدەست نەگەیشتووە و چاوەڕێ دەکەین فەرمانەکە بگات و ئەوانیش زەوییان پێ بدرێت.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، داوا لە سەرجەم وەزارەتەکان دەکەین بە زووترین کات ناوەکان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران ڕەزامەندییان بۆ وەربگیرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بە نووسراوی فەرمی ئاگادارمان کردوونەتەوە، بۆیە کارەکانی ئێمە تەواو دەبن و شارەوانییەکانیش ڕاسپێردراون بە زوویی دەست بە دابەشکردنی زەوی بکەن.
هاوکات دەشڵێ، چاوەڕێ دەکرێت بەم زووانە ئەو قۆناغەش بە شێوەیەکی فراوان دەست پێبکات، کە لە ھەرێمی کوردستان ٤٠٠ ھەزار کەس زەوی وەردەگرن.
بڵند ئیبراھیم




