بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ: بەھۆی بڕیاری سەرۆکی حکوومەت ھاوردەکردنی ئاژەڵ زیادی کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی باج، ھاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەرەوە بۆ ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە، چونکە بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن ڕێژەی ھاوردەکردنی ئاژەڵ لە ساڵی ڕابردوو ٢٠٢٤ زیاتر بووە لە ساڵی ٢٠٢٣، ھۆکاری زیادبوونی ڕێژەی ھاوردەکردنی ئاژەڵیش، بۆ کەمکردنەوەی گومرگ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە بە ڕێژەی ٥٠% گومرگ لەسەر ھاوردەکردنی ئاژەڵ کەم کراوەتەوە، بەشێک لەو ئاژەڵانەی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن، ڕەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێن و خواستی زۆری لەسەرە.
پەیوەست بە نرخی گۆشتی سووریش، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەڵێت، نرخی گۆشت بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە زۆر ھەرزانترە، ھەتا لە وڵاتێکی وەک تورکیا یەک کیلۆ گۆشت بە ٢٥ دۆلارە، ئێمە ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان پێویستمان بە ٨٨ بۆ ٩٠ ھەزار تۆن گۆشتی سوور ھەیە تا خواستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە.
فیراس سدیق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وشکەساڵی کاریگەری لەسەر سامانی ئاژەڵ ھەیە، چونکە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی لەوەڕی سرووشتی و نرخی دانەوێڵە و ئالیک بەرز دەبێتەوە، بەڵام بابەتی وشکەساڵی دووسەرەیە، لەبەر ئەوەی لەلایەک ئاژەڵداران توانای بەخێوکردنی ئاژەڵیان نامێنێ و ئاژەڵەکانیان دەفرۆشن بە نرخی ھەرزان و لەلایەکی دیکەشەوە گرانیی نرخی ئالیک، کاریگەریی لەسەر نرخ دەبێت.
قائید میرۆ




