٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڵێن عەبدوڵڵا بۆ KDP: پشتگیری لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وێڕای پشتگیریی بۆ پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی، پێی وایە، ناوچەکە لەبەردەم ئالەنگارییە و پێویستە کورد ئامادەکاری بکات، بەتایبەت ئێمە پشتگیری پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی دەکەین، چونکە سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر یەکڕیزی کورد کردەوە.

بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی ئێستای جیھان و ناوچەکە، بەتایبەتی دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا چووەتە قۆناغێکی نوێ، بۆیە ھەموو جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئاڵۆزییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ پەرەدەسێنن، ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕەوشی ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە چەقی گۆڕانکارییەکان".

ناوبراو دەڵێ، ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک پێشھات و ڕووداوی گەورەین لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە، بۆیە پێویستە ھەرچی ناکۆکی ناوخۆ ھەیە بەلاوە بنێرێت، وەک سەرۆک بارزانی باسیکرد، ئێمە لەبەردەم قۆناغێکین پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی دابن بۆ وەڵامدانەوەی ھەموو ئەو پێشھاتانەی ھەنە ئامادەکاریمان ھەبێت.

سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەشڵێت: "پێکھێنانی کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر دواکەوت، پێویست بوو زۆر زووتر کابینەی نوێ پێکبێت تا ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، ئێمە چەندین کێشەمان لەگەڵ عێراق ھەیە، گۆڕانکاری بەڕێوەن و پێویستمان بەخۆ ئامادەکردنە".

هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ھەموومان پەرۆشی ئەوەین ئەم قۆناغە بە یەکگرتوویی و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ پێشھاتەکان بکەین، تاکە ڕێگەی سەرکەوتنی ئێمە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و پێشخستنی دۆزەکەمان ئەوەیە ھەموو لایەکمان لە ئاست بەرپرسیاریەتی دابین، ھەتا کورد بتوانێت ھەم دەستکەوتەکانی بپارێزێت ھەم دۆزی خۆی بەرەو پێشەوە ببات".

بەڵێن عەبدوڵڵا ڕوونیشیکردەوە: "ئێمە پشتگیری پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی دەکەین، چونکە سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر یەکڕیزی کورد کردەوە و داوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی کرد، ئەگەر ھەموومان کۆکبین و لەم قۆناغە دەربازمان بێت، ئەگەر یەکگرتووبین ڕەوشی ھەرێمی کوردستان ئایندەیەکی باشی لەپێشە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار