٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"هەرێمی كوردستان دیپلۆماسیەتێکی كارای هاوسەنگیی لە ناوچەكەدا ھەیە"

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- پسپۆرێكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی كوردستان كرانەوەیەكی باشی پەیوەندیی دبلۆماسی، سیاسی، ئەمنی، ئابووری و كلتووریی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی كەنداو هێناوەتە ئاراوە كە پێشتر كەموێنە بووە، ئەمەش بەرهەمی دبلۆماسی هاوسەنگی هەرێمی كوردستانە لە ناوچەكەدا‌.

دكتۆر مەهدی ئەمین ستونی، مامۆستای زانكۆی سۆران و پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە كرد "سەردان و پێشوازییە یەك لە دوای یەكەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بانگهێشتی فەرمی بۆ وڵاتانی جیهان و لە ناوچەكەش بۆ كەنداو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو نیشانەی كرانەوەی زیاتری دیپلۆماسی هەرێمە لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەتی وڵاتانی كەنداو كە لە لوتكەدا پێشوازی لە بەرپرسانی هەرێم دەكەن، ئەمە لە ڕووی دبلۆماسی و تەنانەت گۆڕانە جیۆپۆلیتیكییەكانەوە گرینگی تایبەتیی هەیە و پێشتر كەموێنە بووە‌."

ئەو پسپۆرەی یاسای نێودەوڵەتی گوتیشی "هەرێمی كوردستان بە سیاسەتێكی ورد و لۆژیكی توانیویەتی پێگەی خۆی بپارێزێ و بەهێز بكات لە پرۆسەی هاوسەنگی هێز لە ناوچەكە كە پڕە لە ڕووداوی جۆراوجۆری سیاسی، ئابوری و سەربازی كە دەتوانین بڵێین هەرێمی كوردستان توانیویەتی تۆڕێكی پەیوەندی هاوسەنگ بۆ بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان لە ناوچەكە بەرهەم بهێنێ، بە‌ تایبەتی كاتێك ئەم پەیوەندییانە دەچنە ڕەهەندی کردنەوەی کەناڵەکان بۆ هاوکاری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەتایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ئەزموونی مەیدانی هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش."

ستونی گوتیشی "وڵاتی ئیمارات کە ئارەزووی هەمەچەشنکردنی وەبەرهێنانە دەرەکییەکانی هەیە، کوردستانیش بەهۆی سەقامگیری ڕێژەیی و سیاسەتە ئابوورییە هاندەرەکانییەوە ژینگەیەکی گونجاوە. بوارەکانی هاوکاریش بریتین لە (وزە، بەتایبەت نەوت و گاز و ژێرخانی و ئاوەدانکردنەوە و بوارەكانی گەشتیاری و وەبەرهێنانی خانووبەرە.)"

مەهدی ئەمین پێی وایە ئێستا پەیوەندییەكان‌ فراوانتر بوونە و ڕەهەندی كلتووریشی گرتووەتەوە، ئاماژە بۆ خواستی ئیمارات دەكات بۆ فراوانکردنی پەیوەندیی نەرمی خۆی لە کوردستان لە ڕێگەی پشتیوانی لە پڕۆژە مرۆییەکان، پەروەردە و میدیاکان و هاوکاری لە بوارەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵگا و ئاڵوگۆڕی کولتووری كە یارمەتیدەری بواری سیاسی و ئابوورییە.

سەلاح جەلال

هەواڵی پەیوەندیدار