کۆمسیۆن بۆ KDP: ئامادەین لە وادەی دیاریکراودا ھەڵبژاردن ئەنجام بدەین

بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دیاری کرد، ئێمە وەکو کۆمسیۆن ئامادەین لەو وادەیەدا ھەڵبژاردن ئەنجام بدەین.
جومانە غەلای، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەو وادەیەی حکوومەتی عێراق دیاری کردووە لە ڕۆژی ١١/١١/٢٠٢٥ پاڵپشت بە یاسای ھەڵبژاردنی ژمارە ١٢ لە ساڵی ٢٠١٨، بۆیە ئامادەین بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پێشتریش خشتەی کارمان داناوە و ئەنجوومەنی کۆمسیارانیش خشتەی کار بۆ ئامادەکاریی ھەڵبژاردن پەسەند دەکات بەپێی کاتەکان، تاوەکو لە کاتی خۆیدا ئامادەکارییەکان تەواو بکرێن.
غەلای، بۆ ماڵپەڕی KDP گوتیشی، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەزار و ٧٩ بنکە بەردەوامە، کە ئەمە مافی دەنگدەرانە بەپێی دەستووری عێراق، بۆ ئەوەی ھەموو دەنگدەران مافی دەنگدانیان ھەبێت، بۆیە دەنگدەران دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن بۆ ھەر مەبەستێک بێت بۆ ئەوەی مافی دەنگدانیان پارێزراو بێت.
بڵند ئیبراھیم




