٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری بازرگانی لە ڕێگەی KDPیەوە باسی دروستکردنی سایلۆی تازە لە ھەرێم دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ ئامادەکاریی تەواومان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کردووە و ئەو سایلۆیانەی تەواویش بوونە، گەنم وەردەگرن و سایلۆیەکیش لە قۆناغی دروستکردندایە و یەکێکی دیکەش دەست بە دروستکردنی دەکرێت.

وەزیری بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئێمە وەکو وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئامادەکارییەکمان بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کردووە و سایلۆکان و کردنەوەی شوێنیش بۆ گەنم ئامادەن، بۆیە ئەوەی لەسەر ئێمە بێت لەبارەی پرۆسەکەوە ھەموو ئامادەکارییەک کراوە و ھیچ گرفتێکمان نییە.

کەمال موسلیم گوتیشی، بۆ ئەمساڵ ئەو سایلۆیانەی تەواو بوونە وەکو سایلۆی روڤیا و ئەوانەی دیکەش، ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان و ئەوانیش دەتوانن گەنم لە جووتیارانی خۆمان وەربگرن، بۆیە ئەمساڵ ئەوانیش گەنم وەردەگرن و ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆر باشە بۆ جووتیارانی ئەو ناوچانەی سایلۆیان لێ دروست کراوە.

وەزیری بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئێستا سایلۆیەک لە ھەڵەبجە دروست دەکرێت و کارکردن تێیدا بەردەوامە، بۆ ئەوەی تەواو بێت و بکەوێتە خزمەت جووتیاران و سایلۆیەکی دیکەش لە ماوەیەکی نزیکدا لە زاخۆ دەست بە دروستکردنی دەکرێت، بۆیە حکوومەت گرنگیی زۆری بە دروستکردنی سایلۆ لە ھەرێمی کوردستان داوە.

سێ سایلۆی تازە لە ھەرێمی کوردستان تەواو بوونە، کە ئەوانیش سایلۆی روڤیا و سایلۆی گەرمیان و سایلۆی قوشتەپەن و ستافیشیان بۆ دانراوە و ھەر سایلۆیەکیش ٤٠ هەزار تۆن گەنم دەگرێت و بڕیارە ئەمساڵ گەنم لە جووتیاران وەربگرن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار