٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیاسەتمەداران بۆ KDP: کورد خاوەنی ھەرێمێکی بەھێزە و ئومێدی گەورەتریشی ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پاش شۆڕش و خەباتی كورد و ڕاپەڕین و ناڕەزاییەكانی هەموو گەلانی عێراق، ساڵی 2003 بە سەرکردایەتیی هاوپەیمانان کۆتایی بە ڕژێمی سەددام حوسێن هات، وەک سیاسەتمەدارانیش دەڵێن، کورد خاوەنی هێزێكی پێشمەرگەی بەهێز بووە و بەشدارییەكی كاریگەری لە ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە هەبوو، ئێستاش خاوەنی هەرێمێكی بەهێزە لە ناوچەكە و هەنگاوی بەرەو پێشتریش دەنێت.

زیرەك كەمال، شرۆڤەكار و سیاسەتمەداری ناسراو، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری سەددام، یەکجار گرینگ بوو، ڕژێمی بەعس لە ڕووەكانی سەربازی و ئەمنی و تەكنەلۆژیای شەڕەوە، خۆی بەهێز كردبوو، لە ڕوئیای عێراقییەكان و جیهانیش ڕووخاندنی بووبووە مەحاڵ، ئەگەریش نەڕووخابا جینۆساید و ئەنفال و كیمیاباران و هەموو ئەو تاوانانەی بەسەرماندا هاتن، وەك ئەگەڕێكی كراوە بوون كە دووبارە ببنەوە، بۆیە ڕووخانی ئەو ڕژێمە بۆ كورد گرینگ بوو.

لە ڕوانگەی ئەو سیاسەتمەدارەوە، خەبات و تێكۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد، كاریگەریی لەسەر ناساندنی زوڵم و تاوانباریی ڕژێمی سەددام هەبوو، بە داگیركردنی كوەیتیش مەترسیی ئەو ڕژێمە بۆ جیهان زیاتر دەركەوت و شۆڕشی كوردیش ماهییەتی ئەو ڕژێمەی لە ڕێگای ئەدەبیاتی خۆیانەوە بۆ دونیا خستە ڕوو.

هەر لەمەڕ ساڵیادی ڕزگاربوونی كورد و هەموو گەلانی عێراق لەدەست ڕژێمی سەددام، فازڵ بەشارەتی، چاودێری سیاسی، بە هەمان شێوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، گەلی كورد و دەوڵەتانی ناوچەكە، دێوەزمەی شەڕیان لە كۆڵ بووەوە، سەدام و ڕژێمەكەی خوێنڕێژ و زاڵم بوون، ئەو ڕژێمە لە ناوچەكە دەورێكی زۆر خراپی دەگێڕا، لە كاتی كۆكردنەوەی هاودەنگیی دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمەریكا و ئەورووپاش، هەموو دەوڵەتانی دنیا هاودەنگ بوون لەسەر كۆتاییهێنان بە سەددام و ڕژێمەكەی کە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستبووە مەترسییەوە.

سەبارەت بە كورد لەو پرۆسە سیاسییە گرنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ڕووخانی ڕژێمێكی دیكتاتۆرە، بەشارەتی دەڵێت، ڕووخاندنی ڕژێمەكەی سەددام بۆ گەلی كورد، لە هەموو وڵاتان گرینگتر بوو، ڕۆڵی كورد گرینگ و مێژوویی بوو، چونکە یەك بڕیار بووین دژ بە سەددام و پێكەوە لە یەك سەنگەردا ڕووبەڕووی سەدام بووینەوە.

زیرەک كەمالیش پێی وایە، لە پڕۆسەی ئازادیی عێراق بە سەركردایەتیی ئەمەریكا، كورد خاوەنی هێزێكی پێشمەرگەی ڕێكخراو و بەهێز بوو، بۆیە لە ڕووی مەعنەوی و مەیدانی و سەربازییەوە ڕۆڵی لە ڕووخاندنی سەدام هەبوو.

بۆ پێگەی ئێستای كوردستان پاش چەندان ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو ڕژێمەدا، زیرەك كەمال دەڵێت، كورد ئێستا پێگەیەكی گرینگی لە ناوچەكە و جیهان هەیە و ڕۆڵێكی گەورەی لە عێراقی نوێش هەبووە، هەرچەندە نەبووەتە ئەو عێراقەی ئێمە دەمانەوێت، بەڵام دەوڵەتی عێراق بێ كورد ناتوانێت هەبێت.

فازڵ بەشارەتییش ڕایەكی نزیكی هەیە و دەڵێت، وەک كورد، پاش سەددام حوسێن، دەستكەوتی گرینگمان بەدەست هێناون، ڕابردووی گەلی خۆمان لەیادە لە ژێر چ هەڕەشەیەكی كوشندە و ڕەشماڵێكی ڕەشی دیكتاتۆریەتدا هەناسەمان دەدا، جەماوەری كوردستان سوودی گەورەیان بینی پاشان گەلەكانی تر لە عێراق، بێگومان بەردەوامیش هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورەتر دەنێ و ئومێدی گەورەتری ھەیە.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار