محەمەد شوکری بۆ KDP باسی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ھەرێم و ئیمارات دەكات

ئیمارات-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فراوان بەشداری لە لوتکەی ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان کردووە و دەشڵێ، دەمانەوێت زۆرترین کۆمپانیای بیانی و ئیماراتی بێن لە ھەرێمی کوردستان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا کار بکەن.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە وڵاتی ئیمارات ١٤ھەمین خولی لوتکەی وەبەرھێنان لە ژێر ناونیشانی نەخشەڕێگای داھاتووی وەبەرھێنانی جیھان بەرەو سیستمێکی جیھانیی ھاوسەنگ کارەکانی دەستی پێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەندە و وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ و ژمارەیەک بازرگان و وەبەرھێنەر بەشداریمان تێدا کرد، کە ئەمە ساڵی دووەمە بەشداری لە لوتکەی ئەبوزەبی دەکەین و چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ ئەنجامەکان زۆر باشتر و کاریگەرتر بن، بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ بە شێوەیەکی فراوان بەشدارین و دیدار و کۆبوونەوەی زۆر باشمان لەگەڵ سەرکردە و وەبەرھێنەرانی وڵاتان دەبێت.
شوکری گوتیشی، دەمانەوێت وڵاتان بێن لە ھەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا وەبەرھێنان بکەن و ئێمەش وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھاوکاری و ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین، بۆ راکێشانی وەبەرھێنەری زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان لە لوتکەی ئەبوزەبی پێشانگایەکمان کردووەتەوە بەناوی کوردستان پاڤیلیۆن بۆ پێشاندانی دەرفەتی وەبەرھێنان و بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی بە گشتی و ئیمارات بە شێوەیەکی تایبەتی، لەبەر ئەوەی ئێستا پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیمارات زۆر باشە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە قەبارەی وەبەرھێنان زیاتر بێت.
دەشڵێ، ئیمارات لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ھەن و نیازی ئەوەشیان ھەیە لە داھاتوودا پڕۆژەی زیاتر ئەنجام بدەن، چونکە گرێبەستێکمان لەگەڵ ئیمارات ھەیە بۆ پێنج ساڵی داھاتوو، کە سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی دەکات و کارەکانی زۆر باش بەڕێوە دەچن، کە سوود لە ئەزموونی ئیمارات وەردەگرین، بۆیە بەشداریکردنمان لەو لوتکەیەدا زۆر گرنگ و بەسوودە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەش دەدات، پەیوەندیی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئیمارات زۆر بەھێزە و رۆژ بەڕۆژیش بەھێزتر دەبێت، بە جۆرێک ئێستا قەبارەی وەبەرھێنانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیمارات دەگاتە دوو ملیار دۆلار و ٢٠٠ کۆمپانیای ئیماراتیش لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن.
د. محەمەد باسی لەوەش کرد، لە لوتکەی ئەبوزەبی ھەوڵ دەدەن کۆمپانیای زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان راکێشن، تاوەکو بێن لە ھەرێمی کوردستان لە سێکتەری جیاجیادا کار بکەن.
بڵند ئیبراھیم




