شیفا بارزانی: سەرۆک بارزانی ڕایسپاردووین زمانی کوردی بپارێزین

تبلیس-KDP.info- شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی، لە ئاھەنگی نەورۆزی تبلیسی وڵاتی گورجستان گوتی: سەرۆک بارزانی ڕایسپاردووین زمانی کوردی بپارێزین، چونکە پاراستنی زمان، پاراستنی بوونی ئێمەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٧ـی نیسانی ٢٠٢٥، لە تبلیسی وڵاتی گورجستان، دەزگای ڕوناھی ئاھەنگی نەورۆزی بۆ کوردستانیانی ئەو وڵاتە بە ئامادەبوونی شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی ڕێکخست، لە ئاھەنگەکەدا شیفا بارزانی گوتی: ٢٧٢٥ ساڵ پێش ئێستا و تا ھەنووکە کورد ئاھەنگی نەورۆزی لەسەر چیا بەرزەکانی ھەڵکردووە و ھەڵی دەکات، ئەو کاتە ئەو میللەتانەی ئێستا ئینکاری لە میللەتی کورد دەکەن، بوونیان لە ناوچەکەدا نەبوو، بەڵام نەورۆز موڵکی کوردستان بوو، نەورۆز بوونی ئێمەیە و پێویستە بیپارێزین و ساڵانە ئاگری نەورۆز بەگڕتر بکەین.
سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی دەڵێ: لێرە بە تەنھا جەژنی نەورۆز ناکەین، بەڵکو پەیوەندییەکانمان لەنێوخۆمان و نەتەوە و کلتوور و مێژوو و نیشتمان دووبارە نوێ دەکەینەوە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو خەباتە لەبن نەھاتووەی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی دەیکات، نوێ دەکەینەوە، لە نەورۆزدا بەڵێنی نیشتمانی بوون و یەکێتی گەلی خۆمان دووپات دەکەینەوە، نەورۆزی ئەمساڵمان لە کاتێکدایە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکاری گەورەدایە، پێویستە ئێوەی کوردستانیان لە وڵاتانی دیاسپۆرا ڕۆڵی خۆتان بگێڕن بۆ ئەوەی دەنگی گەلەکەمان بگەیننە بەرپرسان و دامەزارەوەکانی ئەو وڵاتانە، بۆ پشتیوانی کردنی میللەتی ئێمە.
شیفا بارزانی گوتیشی: پێویستە ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، کورد ڕۆڵی تێدا ھەبێت و بەشێوەیەکی ئاشتیانە، پشتگیری بەدەستھێنانی مافی کوردستانیانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بکرێت، سەرەڕای سوپاسی وڵاتی گورجستان و وڵاتانی یەکێتی سوڤێتی پێشوو کە دەرفەتی باشیان داوە بۆ پاراستنی شوناس و زمانی کوردی، ھاوکات داوا دەکەین پتر ھاوکاریی میللەتی ئێمە بکەن و مافی کلتووری و ڕۆشنبیری زیاتر بدەنە گەلی ئێمە و قوتابخانەی زمانی کوردی بکەنەوە، گوتی: داوا لە کوردستانیانی گورجستان دەکەین، ھاووڵاتی باشبن، پابەندی یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتانە بن کە تێیدا دەژین، لە بیری توندڕەوی و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر دوور بکەونەوە.
ناوبراو باسی لەوەشکرد: پێویستە سوپاسی کوردستانیانی دانیشتووی گورجستان و وڵاتانی یەکێتی سۆڤێتی پێشوو بکەم، ئەوان بە جوانی پارێزگاریان لە زمان و ناسنامە و کلتوور و تەنانەت ئاینی خۆیانی ئێزدی کردووە، کوردانی ئەو وڵاتانە بەزمانێکی کوردی ڕەسەن قسە دەکەن، بێگومان دایکان ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکیان لەوبارەوە گێڕاوە، ناوی ئەوان وەک شێرەژن دێنم و دەستیان دەگوشم و ماچ دەکەم.
شیفا بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، یەک لە بنەما سەرەکییەکانی پاراستنی میللەتی کوردی بێ دەوڵەت، زمانە، پاراستنی زمان، پاراستنی بوون و مانەوەی ئێمەیە، ھەر لەبەر ئەوەش سەرۆک بارزانی ئێمە ڕادەسپێرێت زمانی کوردی بپارێزین، لەو چوارچێوەیەشدا بەھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەچاودێری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەریمی کوردستان یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ ماوەی ١٥ ساڵ ئیمزا کرد بۆ ئەوەی زمانی کوردی بە شێوەزار و پیتی جیا بگەیەننە ھەموو ماڵێکی کوردستانی لە دیاسپۆرا، هاوکات ساڵی داھاتوو ئەو بەرنامەیە دەکەوێتە کار و ھەر ماڵێکی کوردستانی لە دیاسپۆرا بەشێوەی ئۆنڵاین دەتوانن سوود لە زمانی کوردی وەربگرن و فێری ببن.




