سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە

ئیمارات-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٤/٧ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ئەبوزەبی، لەگەڵ محەمەد بن زاید ئال نەھیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و فراوانکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی نێوانیان کردەوە، بەتایبەتی لەو بوارانەدا کە بۆ ھەردوولا پێویستن.
لەمبارەیەوە دەرفەتی وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریی ئیماراتی و کەرتی تایبەتی وڵاتەکەیان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرد و بیروڕایان دەربارەی ئەو بوار و کەرتانە گۆڕییەوە کە دەکرێ ئیمارات لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، وەبەرھێنانیان تێدا بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو سەرۆک بە فراوانی دوایین ڕووداو و پێشھاتەکانی ناوچەکە و مەترسی و لێکەوتەوکانیان بەسەر دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ناوچەکەوە، باس کرد.
ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دانبەخۆداگرتن و دانایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا کردەوە، بە جۆرێک ڕێ لە ئاڵۆزی و ئاشووبی زیاتر لە ناوچەکە بگیرێت و ھەموو لایەک کار بۆ ئاشتی و سەقامگیری بکەن.
دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.




