"10 پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری له سۆران جێبه‌جێ دەکرێن"

سۆران -KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری سۆران ئاشکرای کرد کە "له ئاینده‌یه‌كی نزیك لە سۆران زیاتر له 10 پڕۆژه‌ی گه‌شتوگوزار ده‌چنه بواری جێبه‌جێكردن و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كه‌رتی گه‌شتوگوزار ده‌بێت."
فه‌یسه‌ل سادق، به‌ڕێوەبه‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری سۆران به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "له سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، زیاتر له 170 ناوچه و چالاكی گه‌شتیاری هه‌یه، گه‌شتیاران سه‌ردانی ئه‌و شوێنه گه‌شتیارییانه ده‌كه‌ن، هه‌بوونی ژێرخانی گه‌شتوگوزار و پڕۆژه‌ی نوێی ستراتیژی له سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، سه‌رنجی گه‌شتیارانی ڕاكێشاوه، ساڵانه ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی گه‌شتیار سه‌ردانی ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی سنووره‌كه ده‌كه‌ن."
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری سۆران گوتیشی "زیاتر له 10 پڕۆژه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنان په‌سه‌ند كراون، له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا جێبه‌جێ دەکرێن، هاوشێوه‌ی شاری گه‌شتیاری و گوندی گه‌شتیاری، هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌كیان تێدایه."
فه‌یسه‌ل سادق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "به ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژە نوێیانه‌ی گه‌شتوگوزار، ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ده‌چێته قۆناغێكی دیكه‌ی گه‌شه‌كردنی كه‌رتی گه‌شتیاری، چونكه ده‌ڤه‌ری سۆران به‌هه‌ر شه‌ش قه‌زاوه سروشتێكی گه‌شتیاری هه‌یه و كاریگه‌ری كردووەته سه‌ر ژێرخانی ئابووری ئیداره‌كه."
قائید میرۆ




