سەرۆکی حکوومەت: ئەمڕۆ یادی تاوانێکی هۆڤانە کە لە بەرامبەر بەشێکی گەلەکەمان کرا دەکەینەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەڵێت، ئەمڕۆ یادی تاوانێکی هۆڤانە کە لە بەرامبەر بەشێکی گرنگی گەلەکەمان کرا، دەکەینەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 4ـی نیسانی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، یادی تاوانێکی هۆڤانە کە لە بەرامبەر بەشێکی گرنگی گەلەکەمان کرا دەکەینەوە، کە شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلییە و ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە چەندان قۆناخ ئەنجامیان دا و لە ساڵی 1980 گەیشتە لوتکەی دڕندەیی، كاتێک ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پاکتاوێکی نەژادیدا و بە هۆی کوردبوونیان، سەدان هەزار کوردی فەیلی لە عێراق دەرکرد و هەزارانیشی بێسەروشوێن کرد و دەستی بەسەر موڵک وماڵ و سامانەکانیاندا گرت.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
یادی تاوانێکی هۆڤانە کە لە بەرامبەر بەشێکی گرنگی گەلەکەمان دەکەینەوە. کە شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلییە و ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە چەندین قۆناخ ئەنجامیان دا و لە ساڵی 1980 گەیشتە لوتکەی دڕندەیی، كاتێک ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پاکتاوێکی نەژادیدا و بە هۆی کوردبوونیان، سەدان هەزار کوردی فەیلی لە عێراق دەرکرد و هەزارانیشی بێسەروشوێن کرد و دەستی بەسەر موڵک و ماڵ و سامانەکانیاندا گرت و ناسنامەی لێسەندن.
لە (45)مین ساڵیادی جێنۆسایدی کوردی فەیلی، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق، ئەرک و بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووری خۆی جێبەجێ بکات و بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی جێنۆسایدی کوردی فەیلی و جێنۆساید و کۆمەڵکوژییەکانی دیکە، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبوو بکاتەوە و موڵک و ماڵە زەوتکراوەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
4/4/2025




