نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی ٦٦ ساڵهى دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات دەکات

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، بە بۆنەی (٦٦)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و کارمەندانی ڕۆژنامەی خەبات دەکات.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی.
بەڕێزان سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و کارمەندانی ڕۆژنامەی خەبات
لە یادى ٦٦ساڵهى دەرچوونی ڕۆژنامەی خەباتدا، به گهرمى پیرۆزباییتان لێ دەکەم، هیوادارم ئەم دەزگا دێرینەی ڕۆژنامەگەریی کوردی، هەر پێشکەوتوو و پەرەسەندوو بێت.
دەرچوواندنی بەردەوام و بێ وچانی ڕۆژنامەی خەبات لە ڕۆژگاری سەختی شۆڕش و تێکۆشانەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، خۆی لە خۆیدا نموونەی کۆڵنەدان و ئیرادەی پتەو و نەپساوەی گەلەکەمانە.
خەبات ناونیشانێکی پڕشنگداری مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردستانە کە هاوشانی تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانی و داکۆکی لە ماف و دۆز و داوا ڕەواکانی گەلەکەمان و گەیاندنی پەیامە ئاشتیخوازانەکەی، قوتابخانەیەکیش بووە بۆ پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی بوێر و گەشەپێدانی ڕۆژنامەگەریی پیشەیی لە کوردستان.
لەم یادەدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو قەڵەمە تێکۆشەر و بەبڕشتانە دەنێرین کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا لەم ڕۆژنامە سەنگینەدا کاریان کردووە و بەمڕۆیان گەیاندووە.
نێچیرڤان بارزانی
٤ی نیسانی ٢٠٢٥




