بەدەپە داوای فیدراسیون دەكات
فیكرەت بلا
لە چوارچێوەی دوایین كاتدا كە سەرۆكی پارلەمانی توركیا جەمیل چیچەك بۆ ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا بۆ پارتە سیاسییەكان دەستنیشانی كردبوو، دوێنێ پارتە سیاسییەكان سەبارەت بە بەشی كۆتایی دەستووری بنەڕەتی توركیا پێشنیارەكانی خۆیانیان ئاراستەی كومسیونی ئامادە كردنی دەستووری نوێ كرد.
كاتێك كە سەیری پێشنیاری چوار پارتە سیاسییەكەی توركیا سەبارەت بە بەشی سەرەتایی دەستوور و ماددە سەرەكی و نەگۆڕەكانی دەستوور دەكەین بۆمان روون دەبێتەوە كە پێكهاتنی ئەم چوار پارتە بۆ ئامادە كردنی دەستوورێكی نێو زۆر زەحمەت و مەحاڵە.
سەبارەت بە بەشی یەكەم پێشنیاری ئاكەپە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرۆكایەتیدایە بەڵام پێشنیاری سێ پارتی دیكە درێژەدان بە سیستەمی پارلەمانتارییە لە توركیا. لە ناوەرۆكی ئەو رەشنووسەی كە بۆ بەشی یەكەمی دەستوور لە لایەن هەر چوار پارتەكەوە ئامادە كراوە زۆر بە روونی دیارە كە هەر یەك لەو پارتانە داوای چە جۆرە دەستوورێك دەكات. ئاكەپە رەشنووسەكەی خۆی بە پێ سیستەمی سەرۆكایەتی ئامادە كردووە، جەهەپە، مەهەپە و بەدەپەیش رەشنووسەكەی خۆیان بە شێوەزاری جیاجیا بەڵام لە چوارچێوەی درێژەدان بە سیستەمی پارلەمانیدا ئامادە كردووە.
رای گشتی توركیا دەزانێت كە پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) و پارتی رەگەز پەرەستی مەهەپە لە دژی سیستەمی سەرۆكایەتین و ئەو سیستەمە رەد دەكەنەوە. بەدەپەیش سەرەتا دژایەتی سیستەمی سەرۆكایەتی دەكرد بەڵام دواتر بە هۆی دەست پێكردنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد سەرەتا عەبدوڵلا ئوجەلان و دواتریش بەدەپە ئاماژەیان بەوە كرد كە پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتی دەكەن. بۆیە بەدەپە لە نێو رەشنووسی پێشنیار كراوی خۆیدا ئاماژەیەكی وردی بە سیستەمی سەرۆكایەتی داوە و بێجگە لەمەیش پێشنیارێكی دیكەی سەبارەت بە دابەش كردنی دەسەڵاتی ئاراستە كردووە. هەر چەندە بەدەپە ئاماژەی بەو سیستەمە نەكردووە كە دەیەوێ لە سەر بنەمای ئەم سیستەمە دەسەڵاتەكان یا خۆ دەسەڵات دابەش بكات بەڵام بە پێ ناوەرۆكی رەشنووسەكە دیارە كە بەدەپە داوای سیستەمێكی فیدراسیونی دەكات چوونكە لە بەشەكانی دیكەدا چەندین مادەی سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەری ئامادە كردووە و لەو مادانەدا بە روونی ئاشكرایە كە بەدەپە داوای فیدراسیون دەكات.
بە دەپە لە مادەیەكی دیكەدا باسی ئەوەی دەكات كە بەو پەڕی هێزی خۆیەوە هەوڵ بۆپاراستنی یەكچارچەیی خاكی توركیا دەدات و نووسیویەتی" توركیا یەك پارچەیەو دابەش ناكرێت. بەدەپە بە نووسینی ئەم مادەیە ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەوان جیاخواز نین و نایانەوێ لە توركیا جیا ببنەوە بەڵام دەیانەوێ لە سیستەمێكی فیدراسیونیدا لە چوارچێوەی توركیایەكی یەكگرتوودا بمێننەوە.
بەدەپە ئاماژەی بەوە كردووە كە دەسەڵاتی یاسا دانان تەنیا هی پارلەمانی توركیا و مەجلێسە هەرێمییەكانە و دەسەڵاتی بەرێوەبردن یا ئەنجومەنی وەزیرانیش بە پێ دەستووری بنەڕەتی و لە چوارچێوەی یاساكانی دیكەدا لە سەر بنەمای سیستەمی لامەركەزی لە سەر سەرۆككۆمار، ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە هەرێمییەكاندا دابەش بكرن.
سەبارەت بە بەجێ كردنی وشەی میللەتی تورك لە نێو دەستووری نوێدا راو بۆچوونی پارتە سیاسییەكان لە یەكتر زۆر جیاوازە. هەر چەند پێشتریش لە سەر ئەم مەسەلەیە گفتووگۆیەكی زۆر بەرفراوان ئەنجام درابوو، بەڵام پارتی داد و گەشە پێدان لە نێو رەشنووسی خۆیدا تەنیا یەكجار ئاماژەی بە وشەی میللەتی تورك كردووە و جەهەپەیش لە بەرامبەردا وشەی نەتەوەی توركی بەكار هێناوە بەڵام مەهەپە چەندین وشەی جوراوجۆری وەكو میللەتی تورك، وڵاتی عەزیزی تورك و هاووڵاتی توركی بەكار هێناوە. پێشنیاری بەدەپە لەم بارەیەوە زۆر جیاوازتر لە هەر هەموویانە، بەدەپە ئاماژەی بەوە كردووە كە دەبێت لە جیاتی وشەی میللەتی تورك یا هاووڵاتی توركدا وشەی گەلی توركیای بەكار هێناوە.
سەبارەت بە ئاتاتوركیش جەهەپە و مەهەپە لە بەش و مادە سەرەتاییەكانی دەستووردا باسی ئاتاتوركیان كردووە بەڵام بەدەپە و ئاكەپە بە هیچ شێوەیەك باسی ئاتاتوركیان نەكردووە.
سەبارەت بە مەسەلەی زمانی توركی و زمانی رەسمی توركیا پارتەكان خاوەن بیروبۆچوونی جیاوازن. جەهەپە مادەی تایبەت بە زمانی رەسمی توركیا لە دەستووری پێشوودا دەپارێزێت و دەڵێت : زمانی دەوڵە توركییە، جەهەپە ئاماژەیشی بەوە كردووە كە ئامادەیە لە سەر گۆڕینی ئەم وشەیە گفتووگۆ بكات. مەهەپە لە رەشنووسی خۆیدا نوسیویەتی: زمانی رەسمی لە توركیا تەنیا زمانی توركییە. ئاكەپە ئاماژەی بەوە كردووە كە زمانی دەوڵەت زمانی توركییە و بەدەپەیش هەر وەكو ئاكەپە دەڵێت زمانی دەوڵەت زمانی توركییە بەڵام بە بریاری مەجلێسە هەرێمییەكان دەبێت گەلان و پێكهاتە غەیرە توركەكانی توركیا لە هەرێمەكانی خۆیاندا زمانی زگماكی خۆیانیان وەكو زمانی رەسمی بەكار بهێنن.
ئەمە نموونەیەكی زۆر گچكە لە پێشنیارەكەكانی پارتە سیاسییەكان بوو كە بۆمان دەر دەخات بە هۆی جیاوازی لە بیروڕاكاندا پێكهاتنی ئەم چوار پارتە بۆ ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا زەحمەت و ئەستەمە. هەر چەند لە نێوان بەدەپە و ئاكەپەدا سەبارەت بەم قۆناخە نوێیەی توركیا ناكۆكییەكی ئەوەتۆ نییە و پێان وایە كە دەتوانن بە لەیەك تێگەیشتن بگەنە ئەنجام بەڵام سەبارەت بە مەسەلەی دەستووری بنەڕەتی پێم وا نییە كە ئەم دوو پارتە بە ئاسانی بتوانن بگەنە ئەنجامێكی هاوبەش.
سەرچاوە: میللیەت




