وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکاریهكانی ڕۆژانی جەژن له ڕێگهی KDPیهوه دهخاتهڕوو

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، تەواوی ئامادەکاری لە ھەرێمی کوردستان کراوە، بۆ ھاتنی گەشتیارانیش لە عێراق لە ڕێگەی بازگەکان و لە دەرەوەش لە ڕێگەی ھەردوو فرۆکەخانەکان ئامادەکاری باش کراوە، بۆ ئەوەی پێشوازی لە ھاتنی گەشتیاران بکەن کە بۆ پشووی جەژنی ڕەمەزان دێنە ھەرێمی کوردستان، چونکە ئێستا لە بازگەکان ئاسانکاری زۆر باش بۆ ھاتنی گەشتیاران دەکرێت."
د. ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبهت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "وێڕای پیرۆزبایمان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، بۆ ئامادەکاریش لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، ھێزە ئەمنییەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکە ئیدارییەکان دەسەڵاتیان پێدراوە پێشوەختە بەرنامەی خۆیان دابنێن، بەرنامەکان پێشتر بەھۆی پەیوەندی نێوان ھاووڵاتی و ھێزە ئەمنییەکان زۆر باش بەڕێوەچووە و لە بۆنەکانی ئەم مانگە کەمترین تاوان ئەنجام دراوە، بۆیە ئامادەکاری تەواو کراوە."
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، "بۆ ھاتنی گەشتیاران، بەھۆی ھاتنە کایەی کۆمەڵێک سیستەمی دیجیتاڵی بە شێوەیەکی زۆر خێرا داتاکان لە بازگەکان تۆمار دەکرێن، ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی عێراق دێنە ھەرێمی کوردستان و پێشتریش ھاتوون داتاکانیان زۆر خێراتر تۆمار دەکرێت و کاروبارەکانیان بەڕێوە دەچێت، بۆ گەشتیارەکانی ڕێگەی ھەردوو فرۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانییش ئامادەکاری تەواو کراوە و تیمەکان بەشێوەی بەردەوام لە ئامادەباشیدان و لەم ڕۆژانە بەردەوام لە ئەرک دەبن."
بڵند ئیبراھیم




