شاخەوان عەبدوڵڵا: ڕێگە بە تێپەڕاندنی هیچ پڕۆژە یاسایەكی دیكە نادەین تا هەڵەبجە دەبێتە پارێزگا

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق کۆکن لەسەر ئەوەی لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕێگە بە تێپەڕاندنی ھیچ پڕۆژە یاسایەک نادەن تا پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە دەنگی لەسەر نەدرێت، ڕێگەش نادەن ھیچ پڕۆژە یاسایەکی دیکەی لەگەڵدا دابندرێت.
لە لێدوانێکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەبێ جیاوازی پڕۆژەی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەیان گەیاندووەتە قۆناغێکی زۆرباش و ئێمەش وەک دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان خستوومانەتە نێو کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.
بەشێک لە ھێز و لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق بە بیانووی ھەبوونی پڕۆژە یاسای حەشد لەنێو کارنامەی ئەمڕۆی پەرلەمان، بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، ئەو بیانووەش دەبڕین و لە دانیشتنی داھاتوو بابەتی ھەڵەبجە بە تەنھا لە بەرنامەی کار دادەنرێت و ھیچ پڕۆژەیەکی دیکەی لەگەڵدا دانانرێت.




