٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی "دوای ئەوەی دوێنێ دەنگدان لەبارەی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دواخرا، بڕیارە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت."

د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بڕیاربوو دوێنێ دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت و پەسەندبکرێت، ١٦٦ ئەندامیش ئیمزایان کردبوو، بەڵام بەھۆی یاریی تۆپیپێی نێوان عێراق و فەلەستین دەنگدانەکە دواخرا، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگی لەسەر بدات و ھەڵەبجە ببێتە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان و ١٩مین پارێزگای عێراق."

د.ڤیان سەبری گوتیشی "ڕێکەوتن ھەیە و ھیچ بەربەستێک نییە، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت، ئێمە وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەتایبەت فراکسیۆنی پارتی سوورین و ھەوڵی جدی دەدەین بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و کۆتایی بەو پرسە بێت، چونکە ماوەیەکی زۆرە ھەوڵی بۆ دەدرێت."

دەشڵێت "بە فەرمانی سەرۆک بارزانی پێویستە بەجدی و وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییش کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت و ھەڵەبجە ببێتە پارێزگا، بۆیە وەکو فراکسیۆنی پارتی زۆر بە جدی کاری خۆمان دەکەین و ھەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە بەبێ گرفت پەسەند بکرێت و ببێتەیاسا، چونکە فەرمانی سەرۆک بارزانییە بۆ ئێمە ئەوەیە، ھەموو تواناکانی خۆمان بخەینە گەڕ تاوەکو پەسەند بکرێت."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار