٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری ئاو بۆ KDP: ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ته‌واوبێت پێویستمان بە ١٨٠ بیری ئاو نامێنێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ دەڵێت، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئاکرێ دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە و بڕیارە ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت، لە ماوەی ١٠ مانگدا تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە، کە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت خۆی چاودێریی پڕۆژەکە دەکات و قەزای ئاکرێ و ناحیەی بجیل و ١٨ گوند لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن، کە گوژمەی تەرخانکراوی پڕۆژەکەش ١٠٩ ملیار دینارە.

ئەندازیار زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاوە لە ھەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی ڕابردوودا کاری تێدا کرابوو و دواتر راگیرا، بەڵام دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیار درا دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکە بکرێتەوە و ئێستا بەردەوام کاری تێدا دەکرێت و ٦٠%ی پڕۆژەکە تەواو بووە.

ئەحمەد گوتیشی، ئێستا لە قۆناغی دانانی بۆڕیی ئگاون بە درێژایی ١١ کیلۆمەتر، کە ئاو لە زێی بێخمەوە بۆ ئاکرێ رادەکێشن بۆ خواردنەوە، کە قەزای ئاکرێ و ناحیەی بجیل و ١٨ گوند ئاویان بۆ دابین دەکرێت و گوژمەی پارەی تەرخانکراویش ١٠٩ ملیار دینارە، ئێستاش کۆمپانیا کاتی تەواوکردنی پڕۆژەکەی داناوە و ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت، بە ١٠ تاوەکو ١٤ مانگ پڕۆژەکە تەواو بێت ده‌کەوێتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە.

ئەو ئەندازیارە دەشڵێ، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و تیمی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆیان چاودێریی تەواوکردنی پڕۆژەکە دەکەن، چونکە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و بە تەواوبوونی، چیتر پێویستمان بە ١٨٠ بیری ئاو نابێت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، چونکە ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، لەجیاتی ئەوەی ئاوی ژێر زەوی بەکار بێت، سوود لە ئاوی سەر زەوی وەرگرن، بۆیە بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، گرفتی کەمئاوی لە قەزای ئاکرێ و دەوروبەری بە تەواوی چارەسەر دەبێت، ھەر بۆیە بەردەوام کاری تێدا دەکرێت تاوەکو پڕۆژەکە تەواو دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار