٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عیرفان ره‌شید بۆ KDP: سەیرە لەسەر جیاوازیی زمان و خاک دژایەتی بکرێین

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- پسپۆڕێكی شەریعەتی ئیسلام و مامۆستای زانكۆ، لەبارەی خۆشەویستیی نیشتمان و پابەندبوون بە خاكەوە لە ڕوانگەی ئیسلام، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، بۆ ئێمەی بڕوادار، سەرچاوەی یەكەمی خۆشەویستیی نیشتمان، قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەری خوایە (د.خ) ئێمە ئایینەكەمان پێش هەر بیرێكی تر، فێرمان دەكات وابەستەی خاكی خۆمان بین.

لە درێژەی لێدوانەكەیدا، پ. د. عیرفان ره‌شید شه‌ریف،  مامۆستای كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانکۆی سلێمانی و ئەندامی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، گوتی: كاتێك دەڕوانینە ئایەتی "یَا أَیُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِیمٌ خَبِیرٌ" [سورة الحجرات:13] واته: ئەی خەڵکینە، ئێمە ئێوەمان لەنێر و مێیەک خوڵقاندووە کە ئادەم و حەوایە، کردوومانن بە چەند گەل و تیرەیەک بۆ ئەوەی یەکدی بناسن، بەڕێزتریشتان لەلای خوا پارێزکارترتانە، بێگومان خوا زانا و شارەزایە. لەم ئایەتەوە دەزانین قورئان فێرمان دەكات چۆن ڕێزی گەل و نیشتمانی خۆمان بگرین و ڕێز لە گەل و نیشتمانی تریش بگرین.

سه‌باره‌ت به‌ ڕوانینی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ مرۆڤایه‌تی و نه‌ته‌وه‌كان و خۆشه‌ویستیی خاك، د. عێرافان روونی كرده‌وه‌، لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا، بە یەک چاو سەیری مرۆڤایەتی دەکرێت و هیچ گەل و نەتەوەیەک لە گەل و نەتەوەیەکی تر زیاتر نییە، چونکە جیاوازیی گەل و نەتەوە زمان و کەلتوور نیشانەی دەسەڵاتی بێسنووری پەروەردگارە، وەکو لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: "وَمِنْ آیَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِی ذَٰلِكَ لَآیَاتٍ لِّلْعَالِمِینَ" الروم22 واتە: لە نیشانەکانی گەورەیی خودا، دروستکرانی ئاسمانەکان و زەوی و جیاوازیی زمان و ڕەنگتانە، بەڕاستی لەوەدا نیشانە و بەڵگەی زۆر هەن لەسەر هەبوونی خودا بۆ زانایان. کەواتە خۆشەویستیی گەل و نەتەوە و خاک، خەسڵەتێکی سرووشتییە لە مرۆڤدا و غەریزەیەکە و بەشێکە لە پێکهێنەرەکانی ئینسان، ئەم خەسڵەتە گرنگە لە خودی پێغەمبەری خۆشەویستیشدا (د.خ) هەبووە و زۆر ڕاشکاوانە لە کاتی کۆچکردنی لە زێدی لەدایکبوونی مەککە ڕەنگی داوەتەوە.

ئەو پسپۆڕەی شەریعەتی ئیسلام دەڵێت: سەیرە لەم ڕۆژگارەدا لەسەر جیاوازیی زمان و خاک دژایەتی بکرێین، هەموو ئەوانەی کە دژایەتیی کورد دەکەن، ئەگەر هۆشیاریی ئایینییان هەبێت، دەبێت ئەو بەڵگانەیان لەبەر چاو بێت، بۆ دەبێت عەرەب و فارس و تورک و گەلانی دی مافی خۆشویستن و پارێزگاریکردنی گەل و وڵاتی خۆیان هەبێت و ئێمە نەمان بێت؟ بۆ ئەوان سنووری خۆیان دیاری دەکەن و کورد مافی باسکردنی خاک و دیاریکردنی سنووری نەبێت؟ ئەم دژایەتییە تەنیا دژایەتێکردنی کورد نییە، بەڵکو دژایەتیکردنی خوای میهرەبانە؟

دكتۆر عێرفان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، خۆشەویستیی خاک، ڕێزی مرۆڤەکان بەدەر دەخات، ڕێز لەو خاکە دەگرن کە لە سەری لە دایک بوون و گەورە بوون، بەرگری لێ دەکەن و دەیپارێزن. هەر خودی ئایین داوا دەکات مرۆڤ بەغیرەت بێت و پارێزگاری لە نیشتمانی خۆی بکات، ئەگەر سەرەتای بیری نەتەوایەتی وەک بیروباوەڕێکی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی بگەڕێتەوە بۆ دوای ڕووداوی شۆڕشی فەڕەنسا و جان جاک ڕۆسۆ بە یەکەمین هەڵگری پەیامی نەتەوایەتی دابنرێت، ئەوا بە سەدان ساڵ بەر لە ئەو، پێغەمبەری ئێمە ئەو مافەی بە هەمووان دا کە نەتەوە و خاک و وڵاتی خۆمان خۆش بوێت.

 

سه‌لاح جه‌لال

 

هەواڵی پەیوەندیدار