٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەت بۆ KDP: ئەمجارە زیاتر ناوی پێشمەرگە و خانەنشینان رەوانە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا رەزامەندیی پێدانی زەوی بە ٣٠٠ ھەزار فەرمانبەر گەڕاوەتەوە و ١٠٠ ھەزار کەس ماون و ئەم ھەفتەیە ناوی زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەسی دیکەش بۆ ئەنجوومەنی وەزیران رەوانە دەکرێت، کە ئەوانەی ئەمجارە زیاتر پێشمەرگە و خانەنشینن، بۆیە ئێستا شارەوانییەکان سەرقاڵی دابینکردنی زەوین بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشی بکەن.

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی رەزامەندی بۆ پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی زەوی وەردەگرن بەردەوامە و ئێمە ئێستا لەو قۆناغەدا سەرقاڵی تەواوکردنی ناوی ئەو فەرمانبەرانەین تا رەزامەندی لە ئەنجوومەنی وەزیران وەرگرین، بۆیە تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠ ھەزار فەرمانبەر رەزامەندییان بۆ وەرگیراوە و نزیکەی ١٠٠ هەزار فەرمانبەر ماون رەزامەندییان بۆ وەربگیرێت و ئەوانیش زیاتر ھێزی پێشمەرگە و خانەنشینن و بەشێکی وەزارەتی ناوخۆش ماوە و لەم ھەفتەیەدا ناوی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسی دیکە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ وەرگرتنی رەزامەندی، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا رەزامەندی بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە وەردەگیرێت کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە، کە ئەوانەی ئەمجارە زیاتر ناوی پێشمەرگە و خانەنشینان رەوانە دەکرێت.

مەولوود گوتیشی، ھەر لە ئێستاوە شارەوانییەکان کار دەکەن بۆ دابینکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی رەزامەندییان بۆ گەڕاوەتەوە و شارەوانیی ھەولێر باسی لەوە دەکرد ٢٠ ھەزار پارچەزەوی ئامادەیە دابەشی بکەن لە دوای جەژن و لە دھۆک و سلێمانییش بە ھەمان شێوە ئامادەکاری دەکرێت و زەوی تەرخان دەکرێت، بۆیە شارەوانییەکان بەجیددی کار دەکەن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی زەوی بکەن.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ھەر ناوێک رێنماییەکان نەیگرێتەوە یاخود پێشتر سوودمەند بووبێت، ناوەکەی بۆ ئێمەش ھاتبێت و رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی بۆ بگەڕێتەوە و ئێمە ئاگادار نەبین کە ناوەکەی دەگەڕێتەوە، بۆ شارەوانییەکانی دەنێرین دووبارە وردبینی بۆ دەکەن و ناوەکانیان دەردێنن و ھیچ مووچەخۆرێک دوو جار زەوی وەرناگرێت و ئەوەی ئەو کارەی کردبێت، سزاش دەدرێت، بۆیە تەنیا ئەوانە سوودمەند دەبن مەرجەکان بیانگرێتەوە و خزمەتیان لە ھەشت ساڵ کەمتر نەبێت و پێشتریش سوودمەند نەبووبن، بەڵام ئەوەی مەرجەکان بیانگرێتەوە ناوەکانیان دەگەڕێتەوە و زەویشیان پێ دەدرێت، بۆیە ئێستا شارەوانییەکان بەجیددی کار دەکەن بۆ ئەوەی زەوی دابین بکەن و بەسەر ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەدا دابەشی بکەن کە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان ھەیە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار