وەزارەتی بازرگانی بۆ KDP: گفتوگۆ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەست پێدەکات

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان گفتوگۆ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ لەگەڵ بەغدا دەست پێبکات، چونکە ئەوان دایانناوە ئەمساڵ ٤٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگرن، کە ئەو رێژەیە کەمە و ئێمە ڕەتی دەکەینەوە و پێویستە رێژەکە زیاد بکرێت، چونکە بەرھەمی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاترە.
سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمساڵیش وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە ڕێگەی سایلۆکانەوە دەبێت و پارساڵ ٧٠٠ ھەزار تۆن پشکی ئێمە دانرابوو و ئەمساڵ بەغدا باس لەوە دەکات کە ٤٠٠ ھەزار تۆن وەردەگرین، کە ڕێژەکە زۆر کەمە و بەرھەمی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاترە، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکەین و بەو ڕێژەیە رازی نابین و پێویستە پشکی ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی زیان بەر جووتیارانی ئێمە نەکەوێت و بەرھەمی گەنمیان ساخ ببێتەوە، چونکە ئەو ڕێژەیەی دیارییان کردووە، زۆر کەمە.
ھاواری گوتیشی، دوای جەژنی رەمەزانی پیرۆز گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەست پێدەکەین بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، کە ئەو ڕێژەیەی دیاری کراوە زۆر کەمە و پێویستە زیاد بکرێت، چونکە ئەو ڕێژەی دیاری کراوە بە ھەڵەبجەوە بەسەر چوار پارێزگادا دابەش دەکرێت و زۆر کەمە، بۆیە ھەوڵی جیددی دەدەین بۆ ئەوەی زیاد بکرێت و بەو ڕێژەیەی دیاری کراوە، ڕازی نابین.
بڵند ئیبراھیم




