مەلا ئەنەس دۆسكی: بۆ خۆشویستنی خاک پێویستە چاو لە پێغەمبەر بکەین (د.خ)

دهۆك-KDP.info- لە شاری دهۆكی دەلال، بەردەوام مامۆستایانی ئایینی هاندەر و دەستپێشخەری ڕێبازی كوردایەتی بوون كه ڕێی كوردایەتیی ئەوەندە بە باشی لەگەڵ ئایین گرێ دراوە، هەرگیز لێك جیا ناكرێتەوە، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەلا ئەنەس دۆسكی دەڵێت، خۆشویستن و پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتیمان ئەرکێکی ئاینییە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە چاو لە پێغەمبەری ئیسلام بکەین (د.خ) کە چەندە خاکی خۆی خۆشویستووە، بۆیە ئەرکی ھەر تاکێکی کوردە خاک و نیشتیمانی خۆی خۆشبوێت.
مەلا ئەنەس دۆسکی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی ئازادی لە دھۆک، تایبهت بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ھەندێک کار ھەیە، خوای گەورە کردوویەتییە ناو لاشەی مرۆڤەوە، ھەر لەو کاتەی لەدایک بووە لەسەرییەتی جێبەجێیان بکات، یەکێک لەوانە ئەو شوێنەی خۆش بوێت کە لەسەری دەژیت و لەسەری گەورە دەبێت و ئینتیمای بۆ ھەبێت.
مەلا ئەنەس دۆسکی هەروەها دەڵێت، "ئەرکێکی ئایینییە لەو شوێنەی مرۆڤ لێی دەژیت و پەروەردە دەبێت، پارێزگاری لێ بكات و خۆشی بوێت، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ھەمیشە خاک و نیشتمانی خۆی خۆش ویستووە، کاتێک لە مەککە دەرچووە، باسی لەوە کردووە تۆ خۆشەویسترین شوێنی لای من.
"نیشتیمان موڵکی ئێمەیە و پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرمووێت: ئەوەی لەسەر خاکی خۆی بکوژرێت شەھیدە، بۆیە ئەرکە پارێزگاری لە نیشتمانی خۆمان بکەین و نابێت کارێک بکەین خراپەی بۆ وڵاتمان ھەبێت، ئەرکی ھەر تاکێکی کوردە ئەوە بزانێت كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هاندەری ئەم نیشتمانپەروەرییەیە و نابێت بە بیانووی ئایینەوە، خۆشەویستیی خاكەكەی لەبیر بكات." گوتارخوێنی مزگەوتی ئازادیی دهۆك وای گوت.
بڵند ئیبراھیم




