٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

د.عیسمەت مەحمەد خالد: داوامان کردووە پشووەکانی وەزارەتی پەروەردە نەگرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دیمانە: بڵند ئیبراھیم

لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتی kdp.infoلە گەڵ د.عیسمەت محەمەد خالد وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باس لە رەوشی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان و یاسای نوێی وەزارەت و چۆنیەتی دروستکردنی 500قوتابخانە دەکات و ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵ وەزارەت کە گوایە گەندەڵی کراوە و پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە بڕوانامەکان و چەندین پرسی دیکەی تایبەت بە بواری پەروەردە رەتدەکاتەوە.

KDP.info- رەوشی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان لە چ ئاستێک دایە؟

د.عیسمەت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیرییەکی باشی بواری پەروەردەی کردووە، بەڵام نەگیشتۆتە ئەو ئاستەی کە ئێمەدەمانەوێت.

KDP.info- رێگرییەکانی چین؟

د.عیسمەت: رێگری زۆرە لە بەرئەوەی کاری پەروەردە کارێکی زۆر قورسە و ئاسان نییە و بونیات نانیشی درێژخایەنە نەک بەرۆژێک و دوو رۆژ دەبێت و پەروەردە زۆر بنەما لە خۆی دەگرێت بۆ نمونە ئامادەکردنی مامۆستا بۆ زانستی ئەم سەردەمە زۆر قورسە و ئاسان نییە، ئەگەر ئێمە زیاتر لە 100ھەزار مامۆستامان ھەبێت، زیاتر لە 75ھەزاری دەرچووی پەیمانگای پێش ئێستان، کە ئەو مەنھەجەی ئێستا دەخوێندرێت دوورە لەو ئاستە، یاخود دەرچوی پەیمانگای مامۆستایانن و دەرفەتیان بۆ نەرەخساوە گەشە بەزانستەکەیان بدەن و زیادبوونی رێژەی دانیشتوان و ژمارەی قوتابخانە وەک پێویست نییە و لە ھەندێک شوێن ئێمە کێشەی دوو دەوامی و سێ دەوامیمان ھەیە و چاپکردنی پەرتوک و دواکەوتنی بودجە ئەمانە ھەمووی رێگرییە، بۆیە پێویستە سەر لە نوێ پلانێکی بۆ پەروەردە دابنرێت، ھەروەھا لە روی کوالیتی کێشەمان ھەیە بۆ نمونە تا ئێستا ئێمە سیستەمی دڵنیایی جۆریمان نییە کە ھەڵسەنگاندن بۆ کارەکانمان بکات، چونکە ھەرمامۆستایەک بە جۆرێک ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی پەروەردە دەکات بە پێی بیروبۆچوونی خۆی .

KDP.info- ئێوە تاچەند توانیوتانە کەموکورتی بوارەکە دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی بدەن ؟

د.عیسمەت: ئێمە لە دیاریکردنی کەموکوڕتیەکان سەرکەوتوو بووین، چونکە ھەر لە سەرەتای ئەم کابینەیە کە من وەک وەزیر دەستبەکار بووم پڕۆگرامێکم پێشکەش کرد کە پڕۆگرامێکی زۆر باش بوو، پێکھاتبوو لە دوو بڕگە یەکەمیان پەروەردە لە چ ئاستێک دایە، لایەنە ئیجابی و سلبییەکانی دیاری کران. دووەم ئێمە چیمان پێویستە بۆ ئەوەی ئاستی پەروەردە بەرەو پێشبچێت و یەکێک لە خاڵەکانی پێویستە ئێمە حکوومەت و پەرلەمان ئاگادار بکەینەوە کە ھیچ پێشکەوتنێک لە کوردستان نابێت ئەگەر لە پەروەردە دەست پێنەکات، خۆشبەختانە حکوومەت پەروەردەی کردە ئەو لەویەتی کارەکانی و پەرلەمانیش دوای ئەوەی پارساڵ بودجەی ئێمەی کەمکردەوە زۆر لاوازی کەوتە کارەکانمان و ئەگەر سەرۆکی حکوومەت لە کابینەی حەوتەم بەھانامان نەھاتبایە و پرە پارەیەکی بۆ ئێمە تەرخان نەکردبایە، رەوشی ئێمە زۆر لاواز دەبوو و ھیوادارین ئەمە دووبارە نەبێتەوە، ھەروەھا یاسای ئێمە رێگرە لە زۆر ریفۆرم بۆ نمونە پرسی مەرکەزیەت و لامەرکەزیەت بڕیاری گشتی ئەمە ھەموو لە یاسای کۆن دانییە خۆشبەختانە ئێستا یاسای نوێ لە ئەنجوومەنی وەزیران و تەواو بووە ئەمە یەکێکە لە کارەکانمان.

KDP.info- کەواتا ئەم یاسایە ھەمواردەکرێتەوە؟

د.عیسمەت: نەخێر رەنگە ببێتە یاسایێکی نوێ، چونکە ئەو یاسای کۆن لە ساڵی1992دانراوە لە گەڵ ئەم سەردەمە ناگونجێت .

KDP.info- ئەم یاسایە چ شتێکی نوێی تێدایە؟

د.عیسمەت: تەواوی یاساکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت کە لە گەڵ ئەم سەردەمە گونجاوە، بەشێوەیەکی کە پێشکەوتنی کوردستان لە گەڵ زانست دەبێت و دەستەڵاتەکانی لامەرکەزیەت دەبێت و ھەموو جۆرەکانی خوێندنی تێدایە و گرنگی تایبەت بە خوێندنی پیشەیی داوە و بەھێزکردنی توانای مامۆستا بە رێگای ھەندێک خولی پێشکەوتوو و ئەم ساڵ بەخۆشحالییەوە لە خوێندنی ئێواران بە ھاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستی پێکردوە بۆ مامۆستایان لە رێگای پڕۆگرامێک دەبێت لە چەند رۆژی داھاتوو ئاشکرای دەکەین و دروستکردنی ژمارەیەک قوتابخانەی سەردەمیانە و گرنگیدانێکی تایبەت بە باخچەی ساوایان، ئەمە ھەمووی لە بەرنامە دایە، بەڵام کاتی دەوێت بۆ جێبەجێکردنی بە ساڵێک و دوو ساڵ ناکرێت، بۆیە ئەم بنەمایانەی ئێمە دامانناوە دەتوانین لە چەند ساڵی داھاتوو خۆمان بەراورد بکەین لە گەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو.

KDP.info- لەم یاسایە باس لە سیستەمی نوێ کراوە؟

د.عیسمەت: باس لە ھەموو شتێک کراوە، بەڵام سیستەم زۆر کاریگەر نییە، زەمینە خۆشکردن و مامەڵەکردن لە گەڵ سیستەم گرنگە، چونکە پێش ئێستە خوێندن بە سێ قۆناغ بوو، ئێستە بۆتە دوو قۆناغ، ئەمە زۆر کاریگەری نییە، بەڵکو ئەوەی کاریگەری ھەیە، ئاستی پڕۆگرام و مامۆستا و ھەبوونی قوتابخانە و ھەبوونی کاتی پێویست، چونکە ئەوەی زۆر سلبییە لە سەر ئێمە ھەبوونی ئەو ھەموو پشووەیە لە کوردستان، چونکە خۆی ئێمە کێشەی کەمی قوتابخانەمان ھەیە و دوو دەوامی زۆرە، بەڵام ماوە ماوە دەبینین، دەبێت بە پشوو. ھەر بۆیە ئێمە داوامان کردووە نابێت بەرنامەی وەزارەت بگۆڕدرێت بەو بڕیارانەی دەدرێن و پێویستە ئێمە نەگرێتەوە، بە تایبەت رۆژانی پشوو.

KDP.info- کەواتە ئێوە داوادەکەن ببن بە وەزارەتێکی سەربەخۆ؟

د.عیسمەت: ئەمە داوای ئێمەیە و بەھیواین سەرکەوتوو بین لەم ھەنگاوە، چونکە ناکرێت تۆ کاتی دەوامی خۆت تەواو نەکەی و بڵێن پشووە، ئەمە پشووی سەرھەڵدان و پشووی جەژنی قوربان و چەندین پشووی دیکە. چونکە ئێمە خۆمان پشوومان ھەیە و پابەندین پێیەوە، بۆ نمونە پشووەکانی ئاینی کە دوو جەژنە، جەژنی رەمەزان و جەژنی قوربان ئێمە ئەمانە دیاری دەکەین، بەڵام پێویستە کاتژمێرەکانی دەوام تەواو بکەین، کە ساڵانە دیاری دەکرێن .

KDP.info- کەواتە گەر ئێوە ببن بە وەزارەتێکی سەربەخۆ ئەم پشووانە لا دەبەن.

د.عیسمەت: بەڵێ ئێمە لایان دەبەین، چونکە ئێمە پشوومان ھەیە پشووی نیوەی ساڵە و کە رۆژێک دەکرێت بە پشوو ئەو رۆژە دەبێتە ھەفتەیەک، چونکە کەلتوری قوتابی ئێمە وایە ئەگەر لە ناوەڕاستی ھەفتە رۆژێک ببێت بە پشوو، ئەو ھەفتەیە ھەمووی دەکات بە پشوو ودەوام ناکات، ئەمەش کێشەیەکی زۆر گەورەیە .

KDP.info- بودجەی ئەم ساڵ بۆ وەزارەتی پەروەردە دیاری کراوە ئێوە تاچەند پێی رازین؟

د.عیسمەت: بودجەی ئێمە بەشمان ناکەت، ئەگەر ئێمە بە تەمای ئەم بودجەیە بین تەنیا دەتوانین کاری رۆژانەمان بەرێکەین ئێمە ناتوانین، ھیچ گۆڕانکاریەک بکەین، بەڵام خۆشبەختانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاریمان دەکات، کە 500قوتابخانە دروست دەکات. بە گوژمەی یەک ملیار دینار ھەر بۆیە سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم، بەڵام بودجەی ئێمە ئەمساڵ تۆزێک لە ھی پارساڵ باشترە دەتوانین ھەندێک گۆڕانکاری پێ بکەین، بەڵام گۆڕانکاری ستراتیژی پێویستیمان بە بودجەیەکی زیاتر ھەیە .

KDP.info- ئەو 500قوتابخانە کەی دەست بە دروست کردنیان دەکرێت؟

د.عیسمەت: لە ماڵپەڕی وەزاەت راگەیندراوە و 70کۆمپانیا داوایان پێشکەشکردووە و داوامان کردووە دیزاینیشی بگۆڕین، بەشێوەیەکی مۆدێرن دروست بکرێن و بە نیازین قوتابخانەی سەرەتای باخچەی ساوایانیشیان لە گەڵدا بێت ئەم پرۆسەیە زۆر باش بەرێوەدەچێت، ھەرچەندە زۆر خێرا نییە، بەڵام بەردەوامە و بەخۆشم سەرپەرشتی دەکەم، چونکە من خۆم ئەندازیارم و ئەو کەسانەی تێدا کاردەکەن زۆر بەدڵی ئێمەیە، نەک تەنیا شێوازی دروستکردنی قوتابخانە دەبێتە جێگای شانازی ئێمە، بەڵکو شێوازی تەندەر و شەفافیەتیشی جێگای شانازی ئێمەیە.

KDP.info- سەقفێکی زەمەنی ھەیە بۆ تەواوکردنی ئەم قوتابخانانە؟

د.عیسمەت: بەڵێ لە ماوەی دوو ساڵی دیکە پێویستە تەواو بن.

KDP.info- ماوەیەک پێش ئێستە دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆوە، کە وەزارەتی پەروەردە گەندەڵی کراوە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکھات ئەم پرسە بەکوێ گەیشت؟

د.عیسمەت: بەڵێ راستە لە راگەیاندنەکان بڵاو بۆوە کە گەندەلی کراوە، بەڵام ئێمە ھیچ بەڵگەیەکمان لە بەردەستدا نییە کە گەندەڵی کرابێت، بەڵام لێکۆڵینەوە کرابوو، ئێمەش بەم لێکۆلینەوە رازی نەبووین و پێویستی بەلێکۆڵینەوەی زیاتر بوو، بۆ ئەوەی ئەو کەسەی تاوانباربێت بە گوێرەی یاسای مامەڵەی لە گەڵ بکەین، بۆیە ئێمە داوامان کرد دووبارە لێکۆلینەوە بکرێت وسێجار داوام بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردۆتەوە، بەڵام وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە، چونکە ئێمە پێمان وایە ئەگەر راستە گەندەڵی کراوە با ئەو کەسانە سزای خۆیان وەربگرن و ئەگەر گەندەلیش نەبێت ناکرێت خەڵک تاوانبار بکرێت، بۆیە تائێستە ھیچ بەڵگەیەکمان لە بەردەستدا نییە کە ھیچ گەندەلییەک کرابێت.

KDP.info- ھیچ کەسێک سزا دراوە؟

د.عیسمەت: نەخێر کەس سزانەدراوە، بەڵام پێشنیار کرابوو چەند کەسێک سزابدرێت لە چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوەی کرابوو، کە ئێمە متمانەمان بە ئەنجامەکان نەبوو و بۆیە داوامان کردووە لێکۆلینەوەیەکی وردتر بکرێت و تاوانباران سزا بدرێن .

KDP.info- وەزارەتی پەروەردە پرۆسەیەکی دەستپێکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە بڕوانامە ساختەکان ئەم پرۆسەیە بە کوێ گەیشتووە؟

د.عیسمەت: ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و بڕیارمان داوە ھەرکەسێ بڕوانامەکەی ساختە بێت بەپێی یاسا مامەڵەی لە گەڵ دەکەین، بەڵام ھەندێک کەس گومان لە بڕوانامەکانیان دەکرێت داوامان کردووە بۆمان روونبکەنەوە، ئەگەر نا بەپێی یاسا مامەڵەیان لە گەڵ دەکەین.

KDP.info- ئایە تا ئێستە ھیچ بڕوانامەیەک ساختە دەرچووە؟

د.عیسمەت: بەپێی زانیارییەکانی من ھیچ بڕوانامەیەکی ساختە نییە، بەڵام ئەوان چەند حاڵەتێکیان دیاریکردووە کە پێویستی بەلێکۆڵینەوەی زیاترە .

KDP.info- زۆر جار گلەیی ئەوە دەکرێت لە رووی دابەشکردنی پلەکانی دامەزراندن جیاوازی لە نێوان پارێزگاکان دەکرێت، ئەمە تا چەند راستە؟

د.عیسمەت: بەڵێ جیاوازی ھەیە پێشتر ئەمە کراوە و دادپەروەری لە دامەزراندن نەکراوە، بۆ نمونە رێژەی مامۆستا لە ناوچەی بادینان کەمترە لە پارێزگاکانی دیکە، ھەر بۆیەش ساڵی پار ژمارەیەک پلەی دامەزراندن درا بە پارێزگای دھۆک بۆ ئەوەی ھاوسەنگیەک دروست بێت، بەڵام لەم کابینەیە ئەم جیاوازییە نەکراوە و پێویستە کاربکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

KDP.info- چ لایەنێک کەم تەرخەم بووە؟

د.عیسمەت: من نازانم پێشتر خەڵک چۆن دامەزراوە، بەڵام حکوومەت کەم تەرخەم بووە.

KDP.info- بڕیارە بۆ ئەم ساڵ 15ھەزار کەس لە سەر میلاکی حکوومەت دابمەزرێن، ئایا چەند پلە بۆ وەزارەتی پەروەردە دانراوە؟

د.عیسمەت: بە تەواوەتی نازانم چەندە، بەڵام نزیکەی 3ھەزار پلەیە، بەڵام خۆی کێشە لە رێژەکەدا نییە، بەڵکو کێشە لە کات و دەستەڵاتی دامەزراندن دایە، چونکە ئەگەر ئەو رێژەیە بۆ ئێمە دیاری دەکرێت بە خۆمان داینمەزرێنین کێشەمان چارەسەر ناکرێت و ئێمە بە نیازین پرۆسەی دامەزراندن بگۆڕین و قەزاکان خۆیان خەڵک دامەزرێنن، بۆ ئەوەی کێشەی گواستنەوەش چارەسەر بکرێت، چونکە ئەوانەی کە ئێستە مامۆستان داوای گواستنەوە دەکەن، بۆیە ئێمە پێمان وایە ئەو کەسانەی دادەمەزرێن لە شوێنی خۆی بێت، یاخود شوێنێکی نزیک لە خۆی ئەمە لە بەرژەوەندی خۆی و پەروەردەش دایە.

KDP.info- رێژەی نەخوێندەواری لە ھەرێمی کوردستان چەندە؟

د.عیسمەت: دەگوترێت رێژەی نەخوێندەواری لە ھەرێمی کوردستان 16% ئەمە رێژەیەکی باشە ئەگەر دروست بێت، بەڵام ئێمە کێشەی سەرژمێریمان ھەیە، نەک تەنیا ئێمە، بەڵکو لە سەرتاسەری عێراق ئەم کێشەیە ھەیە و پلانمان ھەیە بۆ ساڵی 2015ئەم رێژەیە بگەینینە 10% ئەگەر بتوانین بگەینە ئەم رێژەیە، جێگای شانازیە بۆ ھەموو کوردێک، بەڵام ئاسانیش نییە .

هەواڵی پەیوەندیدار