ھۆشیار سیوەیلی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەرمینیا لە ھەرێمی کوردستان کرد

ھەولێر-KDP.info- پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە پارتی، پێشوازی لە ڕافایل مۆڤسێسیان کونسوڵی گشتی ئەرمینیا لە ھەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکان کرا، بەتایبەتی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.
سیوەیلی بە وردی ڕوانگەی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە ھەمبەر ئەو پرسانەدا خستەڕوو و جەختی کردەوە، دەتوانرێت چارەسەری تەواوی پرس و گرفتەکان لەڕێگای گفتوگۆ و تێگەشتنەوە بێت.
کونسوڵی گشتی ئەرمینیا باسی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئازەربایجانی کرد و جەختی کردەوە، گفتوگۆکان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی نێوانیان و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکە بەردەوامە، لە ڕۆژانی ڕابردوو ھەنگاوەکانی بەرەو ئاشتی قۆناغی باشیان بڕیوە، بە ھیواین لە داھاتوویەکی نزیک بگەینە ڕێککەوتن و کۆتایی بە گرفتی چەندین ساڵە بھێنین.
پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئەرمینیا بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنە بوو، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی ھەماھەنگی زیاتر بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان بۆ تەواوی سێکتەرەکان، بە جۆرێک بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا بپارێزێت و فراوانتری بکات.




