سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جهخت له گوتارى میانڕهوى دهكاتهوه

هەولێر-KDP.info- نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٥/٣/١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە د. شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندیی بیارە سەرپەرشتیاری مەدرەسە و خانەقاکانی حەزرەتی شێخ عوسمان سیراجەددینی بیارە لە کوردستان و تەواوی جیھان و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک لە مامۆستایان و زانایانی ئایینی پێکھاتبوو.
لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانی، خۆشحاڵیی خۆی بە بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ کوردستان دەربڕی و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن، ھەروەھا جەختی لە ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە بڵاوکردنەوە و برەودان بە کولتووری میانڕەوی و ناتوندوتیژی کردەوە و ئەمەی بە پەیامێکی گرنگ و خزمەتێکی گەورە بۆ کۆمەڵگە ناوزەد کرد، ھەموو پشتگیرییەکی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانیشی بۆ گوتاری میانڕەوی دووپات کردەوە.
لە دیدارەکەدا کە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر ئامادەی بوون، ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی برەودان بە بەھاکانی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی لەنێو پێکھاتە جیاکانی ھەرێمی کوردستاندا کردەوە. ھەر لەمبارەیەوە ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینییان لە پێشخستنی گوتاری میانڕەوی و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و توندوتیژیدا بە پێویست و ئەرێنی ھەڵسەنگاند.





