وەزیری دارایی نابێت پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە سلێمانی وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە بەھیچ شێوەیەک نابێت پارەی تەرخانکراوی مووچە بۆ ھیچ بوارێکی تر بەکاربھێنرێ.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی ٣ی ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆ بووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر کێشە و گرفتی ھاووڵاتییان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران و کۆمپانیاکانی ئەو سنوورە و "جەخت لە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکان کرایەوە."
لەمبارەیەوەش، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە "نابێت لە ھیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ ھاووڵاتییان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە ھەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنوێنییەکان دروست بکرێت ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت."
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە "نابێت لە ھیچ بانکێک دەستکاری پارەی ھاووڵاتییان (ئەمانات، وەدائیع، توفیر و..ھتد) بکرێت، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە."
ھەروەھا بڕیاردری ئەوەش درا، کە "بەھیچ جۆرێک نابێت لە ژێر ھیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ ھیچ بوارێکی تر بەکاربھێنرێت."
وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی پێکردووە، "جەخت لەحاڵەتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکان و ھەر کەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم ڕێنوێنییانە جوڵایەوە، داوا لە فەرمانبەران و مووچەخۆران و بەڵێندەران دەکەین ڕاستەوخۆ وەزارەتمان ئاگادار بکەنەوە تا ڕێکاری پێویست بگرینەبەر."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە، کە "نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچوونی کاروباری بانکەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەین و کەمتەرخەمی و چاوپۆشی لە ھیچ بانکێک قبووڵ ناکەین."




