٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پیرە بۆ KDP: کۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی گەشبینییەکی زۆری دروست کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (سەعدی ئەحمەد پیرە) گوتی، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی و دوایین کۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی زۆر باش و ئەرێنی بوون و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەم دوو بەڕێزە، لیژنەی دانوستانکاری ھەردوولا کۆببنەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، زۆر گەشبینین بەو دانوستانانەی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکرێن بۆ پێکھێنانی کابینەی ١٠یەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی لیژنەی دانوستانکاری نێوان پارتی و یەکێتی و کۆبوونەوەی کۆتایی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسروور بارزانی، کە کۆبوونەوەی زۆر گرنگ و باش بوون و ئەنجامی باشیان ھەبووە و ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەم دوو بەڕێزەش ئاڕاستەی لیژنەی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی کراوە و لە چەند رۆژی داھاتوودا کۆبوونەوەی شاندەکە لەسەر ئەو ئەنجامانە دەکرێت و لەو کۆبوونەوەیەدا سوود لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ھەردوو بەڕێز وەردەگیرێت، تا بەرنامەی پێکەوەکارکردن و پێکھێنانی کابینەی تازە و دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان دابنرێت.

پیرە گوتیشی، تاوەکو ئێستا پۆستەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابەش نەکراون، بەڵام لە ناوەڕاستی وردەکارییەکانداین و خەریکە بەرەو کۆتایی دەڕۆین، بۆیە دڵنیام یەکێتی و پارتیش بە ھەمان شێوە دوای ئەو گۆڕانکاریانەی ئەم دواییەی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش، دێنە پێش ھەردوولا ھەوڵی ئەوە دەدەن سەقفی داواکارییەکان لەگەڵ یەکتری بگونجێندرێت، بە شێوەیەک لە خزمەت ھاووڵاتیان و پاراستنی ئەمنیەت و باشترکردنی گوزەران و خزمەتگوزاری بۆ خەڵکدا بێت، بۆیە دوایین کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسروور بارزانی، گەشبینییەکی زۆری دروست کردووە و کۆبوونەوەکانیشیان ئەرێنین.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار