گه‌شتوگوزار پلانی هه‌ردوو جه‌ژنی نه‌ورۆز و ڕه‌مه‌زان بۆ KDP دەخاتەڕوو

هه‌ولێر-KDP.info- گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، پلان بۆ هه‌ردوو جه‌ژنی نه‌ورۆز و ڕه‌مه‌زان ئاماده‌یه و ده‌شڵێ، گه‌شتیارێكی زۆری نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌شداریکردن لە نه‌ورۆز هاتوونه‌ته كوردستان.
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار، تایبەت به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، ڕۆژانی داهاتوو پشووی جه‌ژنی نه‌ورۆز به‌ڕێوه ده‌چێت و دواتر ده‌كه‌وینه ناو جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز، ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار پلانی خۆی بۆ هه‌ردوو جه‌ژن ئاماده كردووه و له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییە گشتییه‌كانی گه‌شتوگوزار لیژنه پێكهاتوون بۆ پێشوازی له گه‌شتیاران و ئاماده‌كاریی ته‌واو كراوه تا هاووڵاتیان و گه‌شتیاران بتوانن له شوێنه گشتی و گه‌شتیارییه‌كان سوودمه‌ند بن.
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ده‌شڵێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ده‌كه‌وێته ناو مانگی ڕه‌مه‌زانەوە، كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شتیاری عێراق نه‌بووه به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو بێنه هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوی گه‌شتیاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز هاتوونه‌ته كوردستان و به‌شداری لە نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا ده‌كه‌ن.
عه‌بدولمه‌جید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، جه‌ژنی نه‌ورۆز هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندی به كورده‌وه هه‌یه، به‌ڵام ده‌رفه‌تیشه بۆ هاتنی گه‌شتیاران، به تایبه‌تی ئه‌مساڵ كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز و به‌ڕێوه‌چوونی چالاكییه‌كان زیاتر ده‌بن، نه‌ورۆزی گه‌وره‌ش هاوشێوه‌ی ساڵانی رابردوو له ئاكرێ ده‌بێت، چونكه ئاكرێ به سرووشتی خۆی بووه‌ته پایته‌ختی نه‌ورۆز و هاووڵاتییه‌كی زۆری ناوخۆ و بیانی له‌وێ به‌شداری ده‌كه‌ن.
قائید میرۆ




