٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان هەیە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDPP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ھەوڵێکی جیددیی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە و دەشڵێ، ئەمەریکا بەردەوام لەسەر هێڵە و سبەی ئێمەش وەکو لیژنەی نەوت و غاز لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی عێراق کار لەسەر مەلەفی نەوتی ھەرێم دەکەین.

دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ئێستادا دوو خاڵ لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە ماون، ئەوانیش دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان کە زیاتر لە ملیارێک دۆلارە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە مانگی ١٠ تاوەکو کۆتایی مانگی ٣ی ٢٠٢٣، کە کرێی گواستنەوەی نەوت لەسەر حکوومەتی عێراقە و پێویستە ئەو قەرزە بداتەوە و سەبارەت بە ١٦ دۆلاریش بۆ کرێی کۆمپانیاکان، پێویستە گرێبەستێک بکرێت و حکوومەتی عێراق تێیدا بەشدار بێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیای ئەپیکۆر پێی ھەڵدەستێت،  بۆیە ئێستا یاساکە ئێمە چارەسەرمان کردووە و تەنیا لایەنی تەکنیکی ماوە، کە پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوە چارەسەر بکات، چونکە ئەو پرسە لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدایە.

سوبحی گوتیشی، سبەی وەکو لیژنەی نەوت و غاز ئێمە لە لیژنەی خۆمان لە پەرلەمان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرھێنان و بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەکنیکی و بەڕێوەبەری ئابووری و کۆمەڵێک بەرپرسی نەوتی عێراق کە کاریان لەسەر مەلەفی نەوتی ھەرێم کردووە، کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی ماون بەزوویی چارەسەر بکرێن و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، چونکە ھەوڵێکی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەمەریکا خۆی لەسەر هێڵە و لە زۆرێک لە کۆبوونەوەکانیشدا بەشداری دەکات و سوورە لەسەر ئەوەی دەست پێبکاتەوە.

دەشڵێ، دواخستنی ئەو پرسە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە و پێویستە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار