٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٢٤٠ هەزار کەس سوود لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ وەردەگرن

سەرچاوە: KDP.info

چەمچەماڵ-KDP.info- قایمقامی قەزای چەمچەماڵ گوتی، کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بەردەوامە و ڕانەگیراوە، کە بڕیارە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش کێشەی خەرجکردنی سولفەکانی بۆ چارەسەر بکات و لە ماوەی دوو ساڵدا پڕۆژەکە تەواو بێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە، کە ٢٤٠ هەزار کەس سوودی لێ وەردەگرن.

ڕەمەک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بەردەوام کاری تێدا دەکرێت و ڕانەگیراوە، ئەوەی ھەیە چاوەڕێ دەکرێت سولفەکانی خۆی وەربگرێت کە نزیکەی ١٥ ملیار دینار دەبێت، ئەگەرنا کارکردن لە پڕۆژەکەدا بەردەوامە و ئێمەش کێشەی ئیداری و کشتوکاڵ و جووتیاران و کێشەی ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ھەموو گرفتەکانمان چارەسەر کردووە و تەنیا سولفەکانی ماوە، بۆیە ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت سولفەکان لەسەر داھاتی سلێمانی نەبێت و لەسەر بودجەی سیادی بێت و بۆیان خەرج بکرێت، چاوەڕێش دەکرێت ئەوەش چارەسەر بکرێت و کارکردن لە پڕۆژەکەشدا بەردەوامە و ئێمەش دەمانەوێت خێراتر کار بکرێت، چونکە لە ھەموو لایەکەوە پشتگیریی ئەو پڕۆژەیە دەکرێت.

ڕەمەزان ئاماژەش دەدات، پڕۆژەکە لە ئێستادا بەشێکی تەواو بووە و پێویستە لە ماوەی ٢ ساڵدا تەواو بکرێت و ئەگەر کێشەی دارایی نەبێت، ئەو پڕۆژەیە لە کاتی خۆیدا تەواو دەبێت و ٢٤٠ ھەزار کەس سوود لە ئاوی ئەو پڕۆژەیە وەردەگرن، چونکە لە وەرزی ھاویندا خەڵکی چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە بە ١٢ ڕۆژ دوو کاتژمێر ئاو وەردەگرن، بۆیە ئەمە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و کۆتایی بە کێشەی کەمئاویی چەمچەماڵ دەهێنێت.

قایمقامی چەمچەماڵ بۆ KDP هێما بۆ ئەوەش دەکات، ھیوادارین حکوومەتیش ھاوکارمان بێت، بۆ ئەوەی گرفت بۆ پڕۆژەکە دروست نەبێت و بەردەوام کاری تێدا بکرێت تاوەکو تەواو دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار