٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. محەممەد شوکری بۆ KDP: باسی ڕێکاری ڕاکێشانی وەبەرھێنەری بیانی بۆ ھەرێم دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین ڕێگای جۆراوجۆرمان گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین وەبەرھێنەری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان ڕاکێشین و ئاسانکاری زۆر باشمان بۆیان کردووە، بەتایبەت بۆ ئەمەریکا کە ئێستا ڕۆڵێکی باشیان لە وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.

دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دەستەی وەبەرھێنان لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەھێزکردن و ھەمەچەشنکردنی ئابووری چەند دەستپێشخەریەکی کردووە و ھەنگاوی گرنگی ناوە لە ئاسانکاری و ھاندانی وەبەرھێنەرانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان، لەوانە دامەزراندنی یەکەی ڕاکێشانی وەبەرھێنانی بیانی لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تایبەت بە وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ پێدانی ڕێنمایی و زانیاری و ئاسانکاری لە کاروبارەکانیان و دروستکردنی براندی "ئینڤێست کوردستان" و وێبسایت بۆ ڕاگەیاندنی براندێک بۆ پێشاندانی باشتری کوردستان لە ڕێگەی وێبسایتی تایبەت بە (invest.gov.krd) بۆ کۆکردنەوە و خستنەڕووی زانیاری و دەرفەتەکانی وەبەرھێنان بە زمانی ئینگلیزی و کردنەوەی ڕێگایەکی ڕاستەوخۆی ئۆنلاین بۆ پەیوەندیکردن بەردەستە و بەشداری لە کۆنفرانس و بۆنە نێودەوڵەتیەکان و بەشداری کارا ھەبوو لە بۆنەی نێودەوڵەتی وەکو کۆڕبەندی ئابووری جیھان لە داڤووس و کۆڕبەندی ساڵانەی وەبەرھێنان لە ئیمارات و بۆنەکانی نوێنەرایەتیەکانی حکوومەت لە دەرەوە بۆ ناساندنی ھەرێم بە وەبەرھێنەرانی بیانی.

دکتۆر محەممەد شوکری گوتیشی، یەکێکی دیکە لە ھەنگاوەکانی ڕاکێشانی وەبەرھێنەری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەی نوێ بە زمانی ئینگلیزی بە جۆرێک ئامادەکردنی چەند بڵاوکراوەیەکی نوێی ئاست بەرز بۆ ڕوونکردنەوەی دەرفەتی وەبەرھێنان و کەرتە لە پێشینەکان و دەرفەتەکان و ھاندانەکان و پڕۆفایلی کەرتی تایبەت بە کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و وزەی نوێبووەوە و ھاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی دارایی نێودەوڵەتی و واژووکردنی ڕێککەوتنێک بۆ باشترکردنی ژینگەی وەبەرھێنان و ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی وەبەرھێنان و داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ناوچە پیشەسازیەکان و یارمەتیدانی یەکەی ڕاکێشانی وەبەرھێنانی بیانی لە ھەوڵەکانیان بۆ پەیوەندیکردن و ڕاکێشانی وەبەرھێنەری بیانی.

شوکری باسی لەوەشکرد، ئاستی وەبەرھێنانی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان لە دەستەی وەبەرھێنان مۆڵەت بە ٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار دراوە، بەڵام جگە لەوەش کۆمپانیا نەوتیەکانی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان چالاکی زۆریان ھەبووە و ئێستاش چەند براندێکی بەناوبانگی ئەمەریکی تایبەت لە کەرتەکانی خۆراک و ئۆتۆمبێل لە بازاڕی ھەرێم ھەن و دەکرێت ئەمەریکا وەکو گەورەترین ئابووری جیھان خاوەنی چەندین کۆمپانیای گەورە بە بڕ و قەبارەی گەورەتر بەشداری لە وەبەرھێنانی ھەرێم بکات و ژمارەی پڕۆژەکان زیاتر بکات.

دەشڵێت، ھەرێمی کوردستان دەرفەتی فراوان پێشکەشی کۆمپانیا ئەمەریکیەکان دەکات لە بواری کشتوکاڵ و خۆراک و پیشەسازی و گەشتیاری و وزەی نوێبووەوە و تەکنەلۆژیای زانیاری و تەندروستی و پەروەردە، بۆیە وەبەرھێنانی ئەمەریکا دەتوانن لەم کەرتانە یارمەتیدەربن بۆ گەشەی ئابووری کوردستان و دروستکردنی ھەلی کار و بەھێزکردنی پەیوەندیە ئابووریەکان و ئێمەش ئامادەین بۆ ئەوەی ھەموو ھاوکاری و ئاسانکاریان لە ھەرێمی کوردستان بۆ بکەین.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار