٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە ھەوڵی نوێنەرانی کورد لە ناوچە کوردستانیەکان نزیکەی ٩٠ پڕۆژە ئەنجامدەدرێن

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوا-KDP.info- بە ھەوڵی نوێنەرانی کورد لە پارێزگای نەینەوا بە گوژمەی ٥٠ ملیار دینار نزیکەی ٩٠ پڕۆژە لە شنگال و دەشتی نەینەوا ئەنجامدەدرێن، جێگری پارێزگاری مووسڵ بۆ کاروباری ئیداری دەڵێت، ھەوڵدەدەین ئەو پڕۆژانە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێن، کە پێویستن و دەمانەوێت دەشتی نەینەوا و شنگال ئاوەدانبکرێتەوە.

ڕەفعەت سمۆ ڕەشۆ، جێگری پارێزگاری موسڵ بۆ کاروباری ئیداری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوو وەکو نوێنەرانی کورد لە مووسڵ ھەوڵی زۆرمانداوە بۆ ئەوەی دەشتی مووسڵ و شنگالیش ئاوەدانبکرێتەوە بەھۆی ئەوەی لە شەڕی داعش وێرانبووە و پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری ھەیە، بۆیە حکوومەتی عێراق سندوقی ئاوەدانکردنەوەی دەشتی نەینەوا و شنگالی ڕاگەیاند و ٥٠ ملیار دیناریش تەرخان کراوە بۆ ئەوەی لە ھەر ناوچەیەک لە دەشتی نەینەوا و شنگال پێویستی بە پڕۆژە ھەبێت بۆیان ئەنجامبدرێت، بۆیە ھەوڵدەدرێت لە ھەموو ناوچەکان پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێن.

ڕەفعەت سمۆ گوتیشی، بڕیارە لە دەشتی نەینەوا و شنگالیش ٨٩ پڕۆژەی لە ھەموو سێکتەرەکاندا ئەنجامبدرێت و لە قۆناغی یەکەم بەردی بناغە بۆ ١٢ پڕۆژە دانراوە لە شنگال، بۆیە بەردەوام دەبین لە شنگال تا دەگاتە ھەموو ناوچەکانی دەشتی نەینەوا پڕۆژە ئەنجام دەدرێن و لە ھەر شوێنێک پێویستی بە پڕۆژە ھەبێت پێشکەشیان دەکرێت و ئێمەش وەکو نوێنەرانی کورد زیاتر ھەوڵدەدەین ئەو ناوچانەی کوردی لێیە پڕۆژەیان بۆ ئەنجامبدرێت، چونکە ئێمە لە مووسڵ نوێنەری ھەموو پێکھاتەکانین بێ جیاوازی و ھەمیشە خۆشمان بە خزمەتکاری خەڵکی خۆمان دەزانین و ئەوەی لە توانامان دابێت خزمەتیان دەکەین.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار