سهرۆكی حكوومهت: داوا دەکەین بەپارێزگەبوونی ههڵهبجه لە زووترین کاتدا پەسەند بکرێت

ههولێر-KDP.info- سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، له یادی 37 ساڵهی كیمیابارانی ههڵهبجه پهیامێكی گرنگی بڵاو كردهوه و له پهیامهكهدا هاتووه، لە ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە و هەمیشە لە یادمانن."
دەقی پەیامی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان:
لە ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە و هەمیشە لە یادمانن. پێزانینی زۆرمان بۆ قوربانیدانەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری هەڵەبجە، بە تایبەتی بریندارانی کارەساتەکە و کەسوکاری سەربەزری شەهیدان هەیە.
هەرچەندە بەشێک لە بەرپرسیار و ئەنجامدەرانی سەرەکیی ئەم تاوانە، بە سزای خۆیان گەیشتن، بەڵام سەرەڕای تیپەڕبوونی (37) ساڵ، بەسەر ئەم کارەساتە مەزنە، هێشتا زام و برینەکانی ئەم تاوانە ساڕێژ نەبوون. بۆیە ئەرکی هەموومانە، کار لەپێناو زیاتر ناساندنی جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفال و هەموو تاوانەکانی دی، کە بەرانبەر گەلی کوردستان کران بکەین و خزمەتێکی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و قوربانییانی ئەم تاوانانە بکەین.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکیی خۆی دەزانێت کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجەییەکان و قوربانییانی دیکەی جینۆسایدی گەلی کوردستان بکات. لە ساڵانی ڕابردووشدا، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە پارێزگەی هەڵەبجە ئەنجام داوە، بەڵام دەشزانین هەڵەبجە پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە، لەم ڕووەوە، دانیشتووانی بەڕێز و قوربانیدەری پارێزگەی هەڵەبجە دڵنیا دەکەینەوە کە لە داهاتووشدا، زیاتر و باشتر خزمەتی ئەو ناوچەیە دەکەین.
ئەوەی جێی داخە، حکوومەتی فیدراڵ تا ئێستا، بەرپرسیاریێتیی دەستووری و یاسایی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵە و کەسوکار و قوربانییان و شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان جێبەجێ نەکردووە. تەنانەت تا ئێستاش، ئەنجومەنی نوێنەران پرۆسەی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجەی پەسەند نەکردووە. بۆیە داوا دەکەین چیتر کەمتەرخەمی بەرانبەر قوربانیدانەکانی هەڵەبجە نەکرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبوو بکرێنەوە و بەپارێزگەبوونەکەشی لە زووترین کاتدا پەسەند بکرێت.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2025/3/16




