٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ھەولێر بە خێرایی بەڕێوەدەچێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە گوژمەی نزیکەی ٤٨٠ ملیۆن دۆلار دەست بە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ھەولێر کراوە، کەبەشێکی لەلایەن کۆمپانیای ھێمن گروپ و بەشێکی لەلایەن کۆمپانیای کەی وەن جێبەجێدەکرێت و بە تەواوبوونی پرۆژەکە،‌ کێشەی کەمئاوی لە شاری ھەولێر بە ڕێژەی ١٠٠% چارەسەر دەبێت.

پرۆژەکە لە ڕۆژێکدا ٤٨٠ ھەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ ھەر کاتژمێرێک ٢٠- ٢١ ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گەڕەکەکانی شاری ھەولێر دەنێرێت.

پرۆژەکە بە چوار ھێڵی سەرەکی لەنێوان گەڕەکەکانی نێوان شەقامی ١٢٠ مەتری و شەقامی ١٥٠ مەتری جێبەجێ دەکرێت، کە گەڕەکەکانی نێوان ئەو شەقامانە و دەرەوەی شەقامەکان و دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحرکە، عەنکاوە و سێبیران لێی سوودمەند دەبن.

پرۆسەی وەرگرتنی ئاوی پرۆژەکە لە زێی گەورە دەست پێدەکات و پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاوەکە و فلتەرکردن و کلۆرکردنی‌ ئاوەکە بە ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) و عێراقی جێبەجێ دەکرێت.

لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ھەولێر ٢٠٠ کیلۆمەتر بۆڕیی سپایڕۆڵ بەکاردێت و ٢٨٠ کیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی ١٦٠ ملیم و ٢٢٠ ملیم و ٢٥٠ ملیم بۆ بەستنەوەی پرۆژەکە بە گەڕەکەکانی شاری ھەولێر بەکار دێت.

جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە کێشەی کەمئاوی لە شاری ھەولێر بە تەواوی چارەسەر دەکات و دەبێتە ھۆی داخستنی زیاتر لە ھەزار بیری ئاو، بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بەفیڕۆنەدانی.

هەواڵی پەیوەندیدار