٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھەڵەبجە ھەمووان کۆدەکاتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەڵەبجە-KDP.info- لە ساڵڕۆژی ٣٧ ساڵەی مەرگەساتی ھەڵەبجە، لە ھەموو کوردستانەوە بۆ بەشداری لە یادەکە دەڕۆنە شارەکە، وتەبێژی لیژنەی ٣٧ ساڵەی کیمیاباران دەڵێ، ئەمساڵ چالاکییەکان جیاواز دەبن.

کامەران مستەفا، وتەبێژی لیژنەی باڵای ٣٧ ساڵی یادی کیمیابارانی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو لە کۆتایی مانگی ١ ئامادەکارییەکانمان دەست پێکرد، نۆ کۆبوونەوە کراوە ھەموو چین و توێژەکانی ھەڵەبجە، لە ڕێکخراو و حزب و مامۆستایانی ئاینی، چالاکییەکان تایبەت بە یادەکە دەستی پێکردووە."

کامەران مستەفا وتی: "بەیانی لەبەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی ھەڵەبجە، ڕێپێوانی جەماوەری فراوان دەست پێدەکەین بۆ سەر مەزاری شەھیدان، بەرنامەکان دەست پێدەکات."

ناوبراو وتیشی: "دوای نیوەڕۆکەی لە زانکۆی ھەڵەبجە چەند چالاکی و پانێڵێک بەڕێوەدەچێت و ھەروەھا شەوەکەی چالاکی دەبێت، ئەمساڵ ھەفتەیەک پێش یادەکە و دوو ڕۆژ پاش یادەکە چالاکییەکانی تایبەت بە مەرگەساتی ھەڵەبجە بەردەوام دەبێ."

هاوکات دەشڵێ: "ھونەرمەندان و کەسایەتییە سیاسی و مامۆستایانی ئایینی لەگەڵمان بەشدارن، لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانیش بەشدارن."

ھێمای بۆ ئەوەشکرد: "لە بارزان و بادینان لە گەرمیان و کوردانی فەیلی بە گرووپ بە جلوبەرگی ڕەسەنی خۆیان بەشدار دەبن لە ٣٧ ساڵەی تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، دەمانەوێ یەکڕەنگی بە یادەکەوە دیار بێ، لە سەرتاسەری کوردستان."

"ھەرسێ سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم و حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتییەکانی عێراق بانگێشتکراون لەگەڵ کونسوڵ و باڵیۆزی وڵاتان لە کوردستان و عێراق، ئێمە پێشوازی لە ھەمووان دەکەین،" کامەران مستەفا وای گوت.

ڕۆژی ١٦-٣-١٩٨٨ ڕژێمی ڕووخاوی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی دیکتاتۆر سەددام حوسێن، کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەی کرد، ٥٠٠٠ ھەزار شەھید و ١٠٠٠٠ ھەزار بریندار و ھەزاران برینداری لێکەوتەوە، تاوەکو ئێستاش سەدان کەس بەدەستی ئازاری برینداری کیمیایی دەناڵێنن.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار