٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەورۆزی ئاکرێ لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەت بەڕێوەدەچێت

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ-KDP.info- قایمقامی قەزای ئاکرێ دەڵێت، ئامادەکاری تەواوکراوە بۆ یادی نەورۆز لە پایتەختی نەورۆز، ئەمساڵ نەورۆز لە ئاکرێ لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

دکتۆر دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاکرێی وەکو پایتەختی نەورۆز ناساند، ئەمساڵ ئاھەنگی نەورۆز لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەت لە ٢٠ی٣ بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری تەواوکراوە بۆ ئەوەی مەراسیمێکی جیاواز بۆ نەورۆز لە ئاکرێ ساز بدرێت.

دکتۆر دلاوەر بۆزۆ ڕوونیشیکردەوە، "بەپێی پلانی دانراو، کاتژمێر ٦:٤٥ خولەکی ئێوارە ئاھەنگی نەورۆز دەستپێدەکات و پێشانگایەکی کەلوپەلی کۆن دەکرێتەوە و مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لە کەلەکەڤن، ڕەزێ میر، کەلی ئاکرێ، تیشی خرگا، گرێ تۆپا و شێخ ماڤ دادەگیرسێندرێت، هاوکات لە کاتژمێر ٧:٠٠ یاری ئاگرین ھەڵدەدرێت، بەڵام ئاھەنگی گۆرانی ناگێڕدرێت، تەنیا گۆرانی نیشتیمانی و پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان و نەورۆز دەگوترێن.

ناوبراو باس لەوەش دەکات، تەقەکردن بە ھەموو شێوەیەک قەدەغە دەبێت، ئەوەی تەقە بکات سزای توند دەدرێت، ھەشت تیمی خۆبەخش نەورۆز بەڕێوەدەبەن و مەشەخەڵ دەبەنە سەرێ گری، هەروەها تیمەکانی تەندروستی و ھاتووچۆ لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو، ھەندێک خواردنگەش بۆ گەشتیاران کراوە دەبن.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار