وەزیر باسی یهكێ له پڕۆژە ستراتیژیەکانی کابینەی نۆیەمی حكوومهت بۆ KDP دهكات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجەی ھەولێر یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی شاری ھەولێر کە لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی کوالێت و قەبارە نیە، بۆیە کارەکانی بەجۆرێک بەڕێوەدەچن پێش وادەی خۆی تەواو دەبێت و ھەمووجۆرە نەخۆشیەکانی شێرپەنجەی تێدا چارەسەر دەکرێن.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، له لێدوانێكی تایبهت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پهیوهست به كارهكانی نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجەی ھەولێر گوتی، "نەخۆشخانەی ١٥٠ قەرەوێڵەیی تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ھەولێر نەخۆشخانەیەکی زۆر ستراتیژیە و گەورەترین نەخۆشخانەی تایبەت بەشێرپەنجەیە و لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی کوالێتی و قەبارە و پێداویستی و ئامێرە ستراتیژیەکان تاکە نەخۆشخانە دەبێت و پڕۆژەکە زۆر سەرکەوتووانە لەژێر چاودێری و بە ئامادەبونی سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی بۆ دانرا، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەو پڕۆژە جگە لەوەی لەئاستێکی بەرز و کوالێتیەکی باشه ھەموو ئامێرە ستراتیژیەکانی تێدایە، کە لە ئێستادا لە عێراق نین و لەکاتی خۆشیدا زووتر کارەکانی بەڕێوەدەچن بۆ تەوابوونی پڕۆژەکە، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە زووتر لەکاتی خۆی تەواو دەکرێت.
بەرزنجی گوتیشی، "ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەوەیە ھاووڵاتیان لەمەودوا ھیچ پێویستیان بەھیچ شوێنێکی دنیا نەبێت بۆ چارەسەر و ھەموو چارەسەر و پێداویستی لەو نەخۆشخانەیە ھەبێت و ئەم پڕۆژەیە بەقەبارەیەکی باش و لەشوێنێکی ستراتیژی لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە دەروازەی چارەسەر نەک بۆ شاری ھەولێر بگرە لەسەر ئاستی عێراقیش، بۆیە ھیوادارین ھیچ کەسێک پێویستی بەو نەخۆشخانەیە نەبێت، بەڵام یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە لەماوەی چوار مانگی ڕابردوو ئەوپڕۆژەیە نھۆمی ژێرزەمینی کە نھۆمێکی گرنگە بەشێوەیەکی تایبەتی بۆ پزیشکی ناوەکی دروست دەکرێت و بەدیزاینێکی نێودەوڵەتی دانراوە تەواو بووە و کار لە نھۆمی یەکەم دەکرێت.
وەزیری تەندرووستی دەشڵێت، "ھەموو جۆرە نەخۆشیەکانی شێرپەنجە و شێرپەنجەی خوێن تێیدا چارەسەر دەکرێن و ھۆڵی نەشتەرگەری و ھۆڵی پشکنین و ھۆڵەکانی تیشکی ناوەکی و لیزەر و ستی سکان و پزیشکی ناوەکی و وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی و چاودێری چڕ و فریاکەوتن و قاوشەکان و ھەمووبەشەکان لەخۆ دەگرێت و دەبێتە سەنتەرێکی ڕاھێنان بۆ پێدانی پسپۆڕیەکان، کە ١٥٠ قەرەوێڵە دەبێت، لەڕووی کوالێتیش زۆر بەرزە، ئهوه جگە لەکۆمپانیای جێبەجێکار تیمێکی ڕاوێژکاری تایبەت چاودێری کوالێتی و ئەندازەیی و لایەنی ڕاوێژکاریەکانی دەکات.
بڵند ئیبراھیم




